پرۆژهی فریاگوزاریی ئاوی ههولێر چیرۆكی پایسكیلێك زیندوو دهكاتهوه

سی ساڵی ڕەبەقە ئەم پایسکیلە بەم جۆرەیە و سەرەڕای کارنەکردنیشی هەروا خۆشەویستە لای خاوەنەکەی، مام ئەحمەد و دراوسێکانی نەک جارێک بە هەزاران جار سوودیان لەم پاسکیلە وەرگرتووە ئەویش نەک بۆ ڕۆیشتن، بەڵکوو بۆ ڕاکێشانی ئاوی ناو تۆڕهكانی ئاوی بیرەکانی ئەو کاتی دارەتوو.
پایسکیلەکە دوو سووکان و یەک ڕینگی بێتایە و جووتێک پهیدانی هەیە، مام ئەحمەد پیشانمان دەدات چۆن کاتی خۆی تەنافێکیان لە ڕینگەکە هەڵکێشاوە و و بە ترومپای ئاوەکەیان بەستووەتەوە و بە سوود وەرگرتن لە پهیدانی پاسکیلەکە، تەزووی کارەبایان بەرهەم هێناوە و بەمجۆرە ئاویان لە بیرەکان دەرهێناوە.
ئەحمەد سەعدوون، هاووڵاتیی، ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە کوردستان24ـی گوت: ئەو دەمی ئاوی خواردنەوە کەم بوو، هاووڵاتییان بە دوای شتێک دەگەڕان ئاویان بۆ دهستهبهر بكات. "بیرۆکەی ئەم پایسکلە بۆ وەستایەکی کارەبای دراوسێمان دەگەڕێتەوە، پێشنیازی بۆ کردین و ئێمەش بە 60 دینار کڕیمان، بە دوو کەسمان نزیکەی دوو کاتژمێرمان پێویست بوو تاوەکوو بەرمیلێک ئاومان پێ دەگەیشت."
عەبدولستار باغهمرهیی کوڕی مام ئەحمەدە و چەندین ساڵە بە پێشنیازیی ئهو، پاسکیلەکە هەڵگیراوە، بەراوردی ئێستا و ڕابردووی شارەدێیەکان (دارهتوو)ـی كرد و بەو بەو جۆرەی باسی دەکات، ئەو دەڤەرە بە هۆی نەبوونی ئاو، وەزاڵە هاتبوون و گەیشتنی پرۆژەی فریاگوزاریی خێرای ئاو هاووڵاتییان حەساونهتەوە و پاسکیلەکەش بووەتە چیرۆکی دانەبڕاوەی دارەتوو و دانیشتووانی.
عەبدولستار ئەحمەد باغەمرەیی، هاووڵاتیی، بە کوردستان24ـی گوت: ئەم پایسکلە گوزارشت لە سەردەمێک دەکات کە بێئاوی بوو لەو سنوورە.
باغهمرهیی ئاماژە بەوە دەکات، هەروەک چۆن ئێستا هاووڵاتییان دڵخۆشن بە پرۆژەی ئاوی خێرای فریاگوزاریی هەولێر، ئەو کاتیش لە ماڵی ئێمە میوان داوەتکران و خواردنێکی زۆر دروست کرا و یادگارییەکی لەبیرنەکراوە و بووەتە ڕەمزێک بۆ ئێمە و لەلای خۆمان هەڵمان گرتووە.
سێ دەیە بە سەر بەکارهێنانی ئەم پاسکیلە بۆ بەرهەمهێننای تەزووی کارەبا و ڕاکێشانی ئاوی بیرەکان تێ دەپەرێ، ئەو کات بە 60 دینار کڕیوییانە و ئێستا بووەتە یادگاری سی ساڵەی ئەم خێزانە و دانیشتووانی شارەدێی دارەتوو.