هاتوچۆی هەرێم: هەر کەسێک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بکات توندترین سزا دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتووچۆی هەرێم، هۆشداریی دەداتە شۆفێران کە بە هیچ شێوەیەک دەستکاریی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەن، بە پێچەوانەوە بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە دا، لە هەندێک پەیج و ئەکاونت، ڕێکلام بۆ کەرستەیەک دەکرێت کە بۆ شاردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێل بەکار دێت، بە شێوەی دەراب کە بە ڕیمۆت کۆنترۆڵ کار دەکات، دادەخرێت و دەکرێتەوە بۆ شاردنەوەی تابلۆ.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە و دەڵێت: هەر ئۆتۆمبێلێک ئەم کەرستەیە بەکار بهێنێت، ئۆتۆمبێلەکەی دەستی بەسەردا دەگیرێت و لێپرسینەوەی یاسایی لەگەڵ خاوەنەکەی دەکرێت و سزای توند دەدرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێم، هەروەها شوێنەکانی فرۆشتنی جوانکاری ئۆتۆمبێلێش ئاگادار دەکاتەوە، کە خۆیان لە فرۆشتنی ئەو کەرستەیە بەدوور بگرن، ئەگەر نا شوێنەکەیان دادەخرێت و ڕێکاری یاسایی لە بەرانبەریان دەگیرێتەبەر.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە جەخت لەوە دەکاتەوە، شاردنەوە، لابردن و دەستکاریکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نییە و ئەنجامدەرانی بە توندترین شێوە سزا دەدرێن.