جووێک بۆ پەرلەمانی سووریا کاندیدە

هاووڵاتییەکی ئەمەریکی بە ڕەچەڵەک سووری، کە کوڕی دوایین حاخامی جووەکانی سووریایە و لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە وڵاتەی جێهێشتووە، ئێستا خۆی بۆ ئەندامێتی ئەنجوومەنی گەلی سووریا کاندید کردووە، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی 70 ساڵ، ئەمە یەکەم کاندیدی جوو دەبێت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنەکە.

هێنری حەمرە تەمەن 47 ساڵ، کە ئێستا نیشتەجێی ئەمەریکایە، لە شوباتی ئەمساڵدا،  لەگەڵ باوکی بەسەردان گەڕاونەتەوە دیمەشق، ئەمەش بە یەکەم سەردان و گەڕانەوەی جووەکان دادەنرێت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئێستاش خۆی کاندید کردووە و چووتە نێو کێبڕکێی هەڵبژاردن و تاکە کاندیدی جووە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا دەکات کە بە (ئەنجوومەنی گەل) ناسراوە .

 ئاژانسی فرانس پرێس، ئەمڕۆ هەیینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 لە گەڕەکێکی جووەکانی دیمەشق چەند پۆستەرێکی بینیووە کە بانگەشەی حەمرە بوون بە ئاڵای سووریا و لەسەری نووسراوە "کاندیدی دیمەشق بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی گەلی سووریا".

نوور نەجمە گوتەبێژی لێژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان دەڵێت: هێنری حەمرە کاندیدی فەرمیە بۆ هەڵبژاردنەکان، هەروەها بەرنامەی تایبەت بە خۆی ڕاگەیاندووە، هاوشێوەی هەر کاندیدێکی دیکەی ئەم وڵاتەیە.

هەروەها ناوی حەمرە لە لیستی ناوی ئەو 1578 کەسەیە، خۆیان بۆ ئەندامی ئەنجوومەنی گەل کاندید کردووە، کە تێیدا لە %14یان ئافرەتن.

 
Fly Erbil Advertisment