نەرمین مەعروف: ههرێمی كوردستان پابهندی بهڵێنهكانی بووه

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: ئەو شەش مووچەیەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم، ئەرکە لەسەر حکوومەتی عێراق پێویستە بینێرێت، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەرێمی کوردستان سەرجەم پابەندییەکانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ کردووە، پێویستە بەغدا سەرباری مووچە، بودجەی هەرێمی کوردستان لە پارەی پەرەپێدانی هەرێمەکان، وەبەرهێنان و پترۆدۆلار بنێرێت.
هاوکات ڕاشیگەیاند، ئەو شەش مووچەی ئەمساڵی فەرمانبەرانی هەرێم کە ماوە ئەرکە لەسەر عێراق بینێرێت، چونکە هەرێم پابەندییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە و هەناردەی نەوتی دەست پێکردووەتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە سێشەممە 30ـی ئەیلوولی 2025، تەمویلی مووچەی مانگی تەممووزی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی.
سەرەڕای پابەندییەکانی حکوومەتی هەرێم بە ڕێککەوتنەکان و دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت، کەچی تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی ڕەوانە نەکردووە.
چوارشەممە 1ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەنراوێکدا جەختی لە گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی هاوبەش لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر داهاتە نانەوتییەکان کردبووەوە. هەروەها داواشی کردبوو هیچ پاساو و بەربەستێک نەکرێتە بیانوو بۆ کێشەی مووچە.