ئاگر لە بەنزینخانەیەکی هەولێر کەوتەوە و زیانی زۆری ماددی لێکەوتەوە
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئاگرێکی گەورە لە بەنزینخانەیەکی گەڕەکی فەرمانبەران لە هەولێر کەوتەوە، کە بووە هۆی زیانێکی زۆری ماددیی و برینداربوونی چەند کەسێک بە سووکی.
ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: تیمەکانی بەرگری شارستانی و ئاسایش دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە و دوای هەوڵێکی زۆر توانییان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن، بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، کارمەندانی بەنزینخانەکە سەلامەتن، بەڵام چەند کەسێک بەسووکی بریندار بوون.
ئاماژەی بەوەشدا، تەوژمی ئاگرەکە ئەوەندە بەهێز بووە کە زیانی بە نزیکەی 500 مەتر لە دەوروبەری خۆی گەیاندووە، لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا دەردەکەوێت کە ئۆتۆمبێلێک بە تەواوەتی سووتاوە و ویلەکانی تواونەتەوە، ئەمەش نیشانەی پلەی گەرمی بەرزی ئاگرەکەیە.
گوتیشی: تیمەکانی لێکۆڵینەوە سەرقاڵی نووسینی ڕاپۆرتی خۆیانن بۆ زانینی هۆکاری سەرەکی ئاگرکەوتنەوەکە. بەهۆی ئەوەی کە شوێنەکە تایبەت بووە بە فرۆشتنی بەنزین و سووتەمەنی، ئەمەش هۆکار بووە بۆ خێرا تەشەنەسەندنی ئاگرەکە.
هاووڵاتییەکی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە ڕایگەیاند: "ئێمە نزیکەی کیلۆمەترێک ماڵمان لەو بەنزیخانەیە دوورە، بەڵام لەگەڵ بەهێزی دەنگی تەقینەوەکە لە خەو هەڵسام، گوتیشی: زۆرێک لە خانووەکانی گەڕەکەکەمان جامەکانیان شکاوە."
بڕیارە لە کاتێکی نزیکدا بەرگری شارستانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وردەکاریی زیاتر لەسەر ڕووداوەکە و هۆکارەکانی ئاشکرا بکات.