ئیسماعیل قائانی وردەکاریی کوشتنی حەسەن نەسروڵڵا و هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات

ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران ئاشکرای کرد، هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـی، حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، بە شێوەیەکی زۆر نهێنی ئەنجامدرا، بە جۆرێک کە نە سەرکردەکانی حەماس و نە حەسەن نەسروڵڵا، ئەمینداری گشتی پێشووی حزبووڵڵای لوبنانی ئاگاداری وادەی هێرشەکە نەبوون.
ئیسماعیل قائانی، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "نە ئێمە و نە حەسەن نەسروڵڵا و نە سەرکردە باڵاکانی بزووتنەوەی حەماس، ئاگاداری کاتی هێرشەکە نەبووین".
قائانی ڕوونیشی کردەوە، "حەسەن نەسروڵڵا سەرەڕای ئەوەی لە وادەی ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەکراوەتەوە، بەڵام بە وردی قۆناغە پێویستەکانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل داڕشتبوو".
گوتیشی: "حەسەن نەسروڵڵا لە دەوای هێرشەکەی 7ـی ئۆکتۆبەر بێدەنگ بوو و هیچ وتارێکی پێشکەش نەکرد، لەگەڵ ئەوەشدا توانی ترس لەناو ئیسرائیلییەکان بچێنێت، توانای خۆی نیشاندا بۆ هەموو ڕەهەندەکانی شەڕەکە، چ سەربازیی بێت یان دەروونی."
فەرماندەکەی فەیلەقی سوپای پاسداران باسی لەوەشکرد، فشارەکانی حزبوڵڵا، ئیسرائیلی ناچار کرد سێیەکی سوپاکەی لە باشووری لوبنان جێگیر بکات، ئەمەش "ڕەوتی شەڕی گۆڕی."
لە درێژەی گوتەکانیدا جەختی کردەوە، "ئیسرائیل لە هێرشەکەیدا بۆسەر حەسەن نەسروڵڵا بۆمبێکی گەورەی کیمیایی بەکار هێناوە، کە ئەمەش تاوانێکی ڕوونی جەنگە."
فەرماندەی سوپای قودس ئاماژەی بەوەشدا، "تەنیا دوو ڕۆژ پێش داوای ئاگربەستی ئیسرائیل، حزبوڵڵا زیاتر لە 350 مووشەک و هاوەنی قەبارە جیاواز ئاراستەی شوێنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەشارەکانی حەیفا کردووە و تەنانەت شوێنی نیشتەجێبوونی ناتانیاهۆشی کردە ئامانج.
پرۆژە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی دۆناڵد ترەمپ
ڕۆژی دووشەممە، 29ـی ئەیلوولی 2025، سەرۆکی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ پلانێکی 20 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە پێشنیاز کرد، کە دەستبەجێ ڕاگرتنی شەڕ، ئازادکردنی سەرجەم بارمتەکان و دیلەکان و چەکدانانی حەماس بەشێکن لە پلانە 20 خاڵییەکە، هەر لە ناوەرۆکی پێشنیازەکەدا جەخت لە غەززەیەکی بێ چەک و حەماس کراوەتەوە.
ترەمپ لە رۆژی سێشەممە. 30ـی ئەیلوولی 2025 ڕایگەیاند ، حەماس چوار ڕۆژ مۆڵەتی هەیە بۆ وەڵامدانەوەی پلانە 20 خاڵییەکە، ئیسرائیل هەرزوو پێشنیازەکەی قبوڵکرد و وڵاتانی نێوەندگیر و یەکێتی ئەورووپا پێشوازییان لە پێشنیازەکە کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیەل پەیامێکی لە بارەی نزیکبوونەوەی وادەی کۆتاییهاتنی جێبەجێکردنی پرۆژە پێشنیازە 20 خاڵییەکەی بۆ ڕاگرتنی شەڕی غەززە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: ڕێکبکەون، ئەگەر نا دەرگای دۆزەخ بەڕووی حەماس دەکرێتەوە.
هەر لە پەیامەکەیدا، ترەمپ هەڕەشەی لە حەماس کرد، ئەگەر تا یەکشەممە وەڵامی پێشنیازەکە نەداتەوە و لەگەڵ ئیسرائیل لەسەر پلانە 20 خاڵییەکە ڕێکنەکەوێت، چارەنووسێکی خراپ چاوەڕێی چەکدارانی حەماس و سەرکردەکانیان دەکات.
وەڵامەکەی حەماس بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ
درەنگانی شەوی هەینی (03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە.
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی.
هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.
پێشوازی ترەمپ لە وەڵامەکەی حەماس
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" پێشوازی لە وەڵامەکەی بزووتنەوەی "حەماس"ـی فەڵەستینی بۆ پێشنیازەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە کرد.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کردووە: "لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیەنراوەی کە حەماس تازە دەریکردووە، من پێموایە ئەوان ئامادەن بۆ ئاشتییەکی بەردەوام. پێویستە ئیسرائیل دەستبەجێ بۆردومانکردنی غەززە بوەستێنێت، تاکو بتوانین بە سەلامەتی و بەخێرایی بارمتەکان بهێنینە دەرەوە! لە ئێستادا، کردنی ئەوە زۆر مەترسیدارە."
ترەمپ دووپاتی کردووەتەوە "ئێمە لە ئێستاوە لە گفتوگۆداین لەسەر وردەکارییەکان کە پێویستە کاریان لەسەر بکرێت. ئەمە تەنها تایبەت نییە بە غەززەوە، بەڵکو پەیوەندی بە ئاشتییەکی لەمێژینەوە هەیە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا."
سەرۆکی ئەمەریکا لە پەیامێکدا ڤیدیۆیشدا ڕایگەیاند "ئەمڕۆ ڕۆژێکی زۆر تایبەت و مەزنە. ئاشتی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نزیکە. سوپاسی قەتەر، تورکیا، سعوودییە، میسر و ئوردن دەکەم کە هاوکارییان کردم لە بەدیهێنانی ئەمە."
کاردانەوەی ئیسرائیل
لێدوانەکەی سەرۆکی ئەمەریکا، حکوومەتی ئیسرائیلی تووشی سەرسوڕمان کردووە. سەرچاوە هەواڵییە ئیسرائیلییەکان بڵاویانکردەوە، سەرۆک وەزیران بنیامین ناتانیاهۆ پێشتر وەڵامەکەی حەماسی بە ڕەتکردنەوەی پێشنیازەکە لەقەڵەم داوە و جەختی لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ ئەمەریکا کردبووەوە بۆ دەرکردنی بەیاننامەیەکی هاوبەش.
سەڕەڕای ئەمەش، نووسینگەی ناتانیاهۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئیسرائیل "ئامادەکاری دەکات بۆ جێبەجێکردنی دەستبەجێی قۆناغی یەکەمی پلانی سەرۆک ترەمپ بۆ ئازادکردنی دەستبەجێی سەرجەم بارمتەکان." سوپای ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، فەرمانیان پێکراوە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە هێرشبەرییەکان لە غەززە.
کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازی لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەورووپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.
ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ژن و منداڵن.
ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین: هەنگاوەکەی حەماس هاندەرە بۆ ئاگربەست
ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: ئامادەیی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و بەشداریکردن لەسەر بنەمای دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ساتێکە کە دەبێت بقۆزرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لەناو دەستەکاندایە."
چەکدارانی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەری 2023 لە چەند لایەکەوە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و زیاتر لە 250 کەسیان بە بارمتە ڕفاند، بەهۆیەوە شەڕێکی خوێناوی و وێرانکاریی بەرۆکی خەڵکی غەززەی گرتەوە و حەوتی ئەم مانگە دەبێتە دوو ساڵ لە هەڵگیرسانی شەڕی حەماس و سوپای ئیسرائیل، بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو ئێستا 66 هەزار و 288 کەس کوژراون و نزیکەی 170 هەزار کەسی دیکەیش بریندارن.