ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین: هەنگاوەکەی حەماس هاندەرە بۆ ئاگربەست

ئۆرسولا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، ئامادەیی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان بە "کارێکی هاندەر" وەسف کرد، و گوتی: ئەو هەنگاوە بە پەنجەرەیەکی ڕاستەقینەی هیوا بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە دەکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە، 4ـی ئۆکتۆبەری 2025، ڤۆن دێر لاین لە ڕاگەیەندراوێکدا گوتی: ئامادەیی حەماس بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و بەشداریکردن لەسەر بنەمای دوایین پێشنیازی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ساتێکە کە دەبێت بقۆزرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، "ئاگربەست و ئازادکردنی هەموو بارمتەکان لەناو دەستەکاندایە."

قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەورووپییە دوای ئەوە دێت، کە حەماس قبوڵکردنی پلانی ئاشتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆی بۆ ئازادکردنی ژمارەیەک بارمتە دەربڕی.

دۆناڵد ترەمپ داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی بۆردومانەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کرد و ستایشی ئەو هەنگاوەی حەماسی کرد و بە "هەنگاوێکی ئەرێنی" وەسفی کرد، گوتیشی: ڕەنگە ئەم پێشهاتانە باشترین دەرفەت بێ بۆ ئاشتی. 

سەرەڕای داواکەی دۆناڵد ترەمپ، ئەمڕۆ شەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامی هەبوو، ژمارەیەک قوربانی لێکەوتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە فشارە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئاگربەست چڕتر دەبنەوە.

درەنگانی شەوی هەینی (03ـی تشرینی یەکەمی 2025)، بزووتنەوەی حەماس لە وەڵامی پێشنیازە 20 خاڵییەکەی سەرۆکی ئەمەریکادا، ڕەزامەندی لەسەر بەشێک لە خاڵەکان نیشان دا، بەڵام جەختی کردووەتەوە، هەندێک بڕگەی دیکەی پێشنیازەکە پێویستی بە گفتوگۆی زیاتر هەیە. 

یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی کە حەماس قبووڵی کردووە، ئازادکردنی سەرجەم بارمتە ئیسرائیلییەکانە لە بەرامبەر ئازادکردنی دیلەکانی فەڵەستینی. 

هەروەها حەماس ئامادەیی خۆی نیشان داوە، ئیدارەی کەرتی غەززە ڕادەستی دەستەیەکی سەربەخۆی تەکنۆکرات بکات بە ڕەزامەندی نیشتمانی فەڵەستینی و پشتیوانیی عەرەبی و ئیسلامی.

کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گەشبینییەوە پێشوازیان لەم پێشهاتانە کردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان، قەتەر، میسر و چەندین وڵاتی ئەورووپی هیوایان خواستووە کە ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی کۆتاییهاتنی شەڕ و گەڕانەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە.

ئەم گۆڕانکاریانە لە کاتێکدایە کە شەڕی غەززە بۆ ماوەی نزیکەی دوو ساڵە بەردەوامە و بووەتە هۆی کوژرانی دەیان هەزار کەس، کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.

 
Fly Erbil Advertisment