سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر: ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە
سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر دووپاتی دەکاتەوە "ئامانجی سەرەکیمان خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە". دەشڵێت "ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی گرنگی مێژووییداین."
ئەمڕۆ شەممە، 04ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕێبوار هادی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەی هەولێر بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی ژمارە 275ی حزبەکەی ڕاگەیاند.
لە گوتارەکەیدا، ڕێبوار هادی جەختی لەسەر گرنگیی قۆناغی داهاتوو کردەوە و ئامانجە سەرەکییەکانی پارتەکەی بۆ بەغدا خستەڕوو و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی گرنگی مێژووییداین.. ئامانجی هەرە گەورەی ئێمە خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. ئێمەی کاندیدانی پارتی، خۆمان بە پارێزەری مافی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەزانین."
سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، حزبەکەی بە دروشمی "هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان" بەشداری لەم هەڵبژاردنەدا دەکات و گوتی: "عێراق وڵاتێکی تەوافوقییە، بۆیە پێویستە هەموومان بەشدار بین لە ئیدارەدان و بڕیاردان. ئەگەر هاوبەشیی ڕاستەقینەمان چەسپاند، دەتوانین هاوسەنگیش بەدی بهێنین و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەین."
ڕێبوار هادی جەختی لەسەر پێویستیی ڕێزگرتن لە ئیرادەی گەلی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند، ئەوان هەمیشە لەگەڵ چارەسەری ئاشتییانە و دیالۆگدا بوون. هەروەها گوتی: "ئێمە میراتگری ڕێبازێکی پڕ شانازی و پیرۆزین، ڕێبازی خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی."
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی لیستی پارتی داوای لە جەماوەری شاری هەولێر و سەرجەم لایەنگرانی حزبەکەی کرد کە بەوپەڕی توانایانەوە بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن و متمانەی خۆی نیشاندا کە بە پشتیوانیی خەڵک و بە هەوڵی کاندیدەکانیان، سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار دەکەن.
هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بە فەرمی دەستیپێکردووە و بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا لایەنە سیاسییەکان کارنامە و بەرنامەکانی خۆیان بۆ دەنگدەران بخەنەڕوو.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی لیستی پارتی لە هەولێر:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان،
هەموو چرکەساتێک کە گەل بڕیاری تێدا دەدات، چرکەساتێکی گرنگ و مێژووییە. ئەمڕۆکە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقداین، لەبەردەم دروستکردنی قۆناغێکی دیکەی گرنگی مێژووییداین.
لەم سۆنگەیەوە، وێڕای سوپاس و پێزانینی بێ پایانمان بۆ سەرکردایەتیی پارتیمان و متمانەی هێژا ڕابەرمان سەرۆک بارزانی کە متمانەیان بە ئێمە دا لەم قۆناغە مێژووییەدا، بەناوی خۆم و هاڤاڵانی کاندیدم لە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بازنەی هەولێر، دەستپێکردنی هەڵمەتی بانگەشەی لیستی 275ی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕادەگەیەنم.
جەماوەری خۆشەویستی شاری هەولێر،
لەسەر ڕێبازی پڕ شکۆی بارزانی و لە قوتابخانەی پارتیمان و لە گوتار و کرداری جەنابی سەرۆکمان، سەرۆک بارزانی، هەمیشە شتێک دووبارە دەکرێتەوە، ئەویش ئەوەیە کە ئامانجی هەرە گەورە، خزمەتکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانە. ئەو ئامانجەی کە پارتیمان هەمیشە بەدوایەوەیەتی، ئێمەی کاندیدان و بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە متمانەی تەواوەوە خۆمان ئامادە کردووە بۆی.
کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆمان بە پارێزەری مافی هەموو چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان دەزانین.
خۆشەویستان،
پارتیمان لە سەرەتاوە هەتا هەنووکە یەک ئامانجی هەبووە، یەکێک لە ئامانجە هەرە گرنگەکانی ئەوە بووە کە پاراستنی ماف و کەرامەتی خەڵکی کوردستانە. لەم هەڵبژاردنانە بە دروشمی "هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان" بەشداری دەکەین لە هەڵبژاردنەکان.
عێراق، عێراقێکی تەوافوقییە، بۆیە پێویستە هەموومان بەشدار بین. بەشدار بین لە ئیدارەدان و لە بڕیاردانیش. چونکە ئەگەر هاوبەشیی ڕاستەقینەمان چەسپاند، دەتوانین هاوسەنگیش بەدی بهێنین. کە هاوسەنگی و هاوبەشیمان چەسپاند، دەتوانین بسازێین لەگەڵ لایەنەکان و خزمەتی زیاتر پێشکەش بکەین. پێویستە بە ڕێزگرتن لە ئیرادەمان، ڕێگای هاوبەشیکردنمان دروست بکرێت. ئەم پرسە بە لای ئێمەوە پرسێکی جەوهەرییە و دەرخەری ئەوەشە کە ئێمە هەمیشە لەگەڵ چارەسەردا بووین و لەگەڵ چارەسەریشدا دەبین. هەروەها دەرخەری ئەوەیە کە ئێمە هەست بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مرۆیی دەکەین بۆ پێکەوەژیان و یەکڕیزی، بەڵام بە مەرجی ڕێزگرتن لە ئیرادەمان.
بەڕێزان، ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان،
ئێمە میراتگری ڕێبازێکی پڕ شانازی و پیرۆزین. ئێمە بەیەکەوە ئەو هێزەین کە ئاراستەی مێژوو دیاری دەکەین. پێویستە باش بزانین و شانازیشی پێوە بکەین، کە ڕێبازی ئێمە لە ئێستا و لە داهاتووشدا، ڕێبازی خزمەتکردن و ئارامی و ئاوەدانی و شکۆمەندییە. بۆیە هەموومان بە هەموو هێز و توانامانەوە و بە شانازی و بە متمانەبەخۆبوونەوە، دەبینە مەیدان و دڵنیاتان دەکەینەوە سەر دەکەوین. بە پشتیوانیی خودای گەورە و بە هەوڵ و ماندووبوونی ئێوەی ئازیز و بە بەشداریی هەموو چین و توێژەکان، و بە بەشداریی ئەوانەی کە ئارامی و گەشەسەندنی هەرێمی کوردستانیان لا مەبەستە، سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین و بە سەربەرزییەوە جارێکی دیکە، خزمەتی زیاتر پێشکەش بە نیشتمان و بە کوردستان و بە خەڵکی کوردستان دەکەین.
لە کۆتاییدا، بەڵام بەوپەڕی ئەمەکەوە، سەری ڕێز بەرامبەر بە گیانی پاکی شەهیدانمان دادەنەوێنین، لە سەروویانەوە بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد. سڵاو دەنێرین بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان. بەیەکەوە لەگەڵ پارتییەکی بەهێز، بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر. سوپاس.