گەنجێکی خانکێ مۆزەخانەیەکی کولتووری کردووەتەوە؛ "شەش ساڵ پێیەوە خەریک بووم"
گەنجێکی خانکێ، سەدان کەلوپەلی کۆنی ماڵانی لە نێو مۆزەخانەیەکی شارەدێیەکەیان کۆکردووەتەوە.
ئیڤان حاجی، دامەزرێنەری مۆزەخانەکە، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، مۆزەخانەکە زیاتر لە هەزار پارچە کەلوپەلی فۆلکلۆری و کۆن لەخۆدەگرێت. ئەم کەلوپەلانە بریتین لە کامێرا، تەلەفۆن، ئامێرە ئەلیکترۆنییە کۆنەکان و کەلوپەلی جووتیاری کۆن. هەروەها کتێبخانەیەکیش لەنێو مۆزەخانەکەدا هەیە کە نووسەران کتێبەکانیان هێناوە بۆ ئەوەی سەردانیکەران بیانخوێننەوە.
ئیڤان حاجی ئاماژەی بەوەدا، کۆکردنەوەی ئەم کەلوپەلانە کارێکی قورس بووە و نزیکەی تا شەش ساڵی خایاندووە؛ زۆر جار سەردانی ماڵانی کردووە و داوای کەلوپەلی کۆنی کردووە، هەروەها خەڵکیش خۆیان کەلوپەلیان هێناوە دوای ئەوەی زانیویانە کە ئەو نیازی دامەزراندنی مۆزەخانەی هەیە.
دامەزرێنەری مۆزەخانەکە ڕایگەیاند، ئەمە یەکەمجارە مۆزەخانەیەکی لەم شێوەیە لەم دەڤەرەدا بە گشتی بکرێتەوە و سوپاسی هاوکاری خەڵکی کرد کە کەلوپەلی زۆریان پێشکەش کردووە.