سەرۆک بارزانی بۆ گەنجانی کوردی دیاسپۆرا: بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن

سەرۆک بارزانی لە پێشوازیی ژمارەیەک لە گەنجانی کوردی دیاسپۆرای کوردستان و داوای لێکردن، بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن.
ڕۆژی یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە پیرمام سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە 110 گەنجی پارچەکانی کوردستانیی دانیشتووی دیاسپۆرا کرد کە لە ناویاندا 12 گەنجی وڵاتانی ئەوروپاییش هەبوون،
بە پێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەسەرەتای دیدارەکە ئیسماعیل کامیل، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی سوپاسی سەرۆک بارزانی کرد بۆ پاڵپشتی کردن لە هەوڵی کۆکردنەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نیشتیمانی بۆ پاراستنی شوناسی نەتەوییان.
دواتر یاد ئەمین، سەرۆکی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی وێرای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ پاڵپشتییەکانی سەرۆک بارزانی، کورتەیەکی لەسەر دامەزراندنی فیدراسیۆنی لاوانی ڕەوەندی کوردستانی و سازدانی ئەم گەشتە بۆ جەنابیان باس کرد، هەروەها تیشکی خستە سەر ئامانجە نزیک و دوورەکانی ئەم پڕۆگرامە.
هەر لەم دیدارەدا، سەرۆک بارزانی باسی لەگرنگیی کۆبوونەوەی کوردستانیانی دیاسپۆرا لەژێر چەترێکی نەتەوەیی لە پێناو پاراستنی کولتوور و زمان و شوناسی نەتەوەیی و پاڵپشتی کردنی دۆزی ڕەوای کوردستان کرد، هەروەها جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەنجانی کوردستانی لە دەرەوەی وڵاتدا دەبێت پێگەو سەنگیان هەبێت لە ئۆرگان و دامەزراوە ئەوروپیەکاندا و بایەخ بە خوێندن و خۆپێگەیاندن بدەن، هەروەها ببنە پردێکی بەهێزی پەیوەندی لە نێوان دیاسپۆرا و نیشتیمان و لەدەرەوەش لۆبیەکی بەهێز لە بوارەکانی دیبلۆماسی و سیاسیی و فەرهەنگی بۆ کوردستان دروست بکەن. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، سەرۆک بارزانی باسی لە بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان کرد و دووپاتی لە لە پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی ڕەوای کوردستان لە پارچەکانی دیکەی کوردستان کردەوە.
