حەماس: چەک دادەنێین و بارمتە و تەرمەکان ڕادەستی ئیسرائیل دەکەینەوە

بزووتنەوەی حەماس دوای نیشاندانی ڕەزامەندی لەسەر پلانەکەی دۆناڵد ترەمپ، بڕیاریدا چەک دابنێت و بارمتە و تەرمەکان ڕادەستی ئیسرائیل بکاتەوە بەو مەرجەی ئاشتی لە غەززە بێتە دی.
یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاند: ئامادەن چەکەکانیان ڕادەستی دەستەی هاوبەشی فەڵەستینی و میسری، بەسەرپەرشتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، تەواوی بارمتە و تەرمەکانی ئیسرائیل لە زووترین کاتدا ڕادەست بکەینەوە.
بزووتنەوەی حەماس ئاشکرای کرد، ئێستا خەریکی کۆکردنەوەی تەرمەکانن کە ڕەنگی چەند ڕۆژێکی پێ بچێت، بەڵام تەواوی بارمتەکانی ئیسرائیلی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی ئازادیان بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاندووە، هەموو گرەنتییەکی ئەمەریکایان وەرگرتووە سەبارەت بەوەی، ئیسرائیل دوای ئازادکردنی بارمتەکان هێرش ناکاتەوە سەر کەرتی غەززە و دەست بە کشانەوە دەکات لەو ڕووبەرەی داگیری کردووە لە کەرتەکە.
بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە، تەواوی بارمتەکان بە یەک کاروان ئازاد دەکات، نایکات بە چەند قۆناغێک و چەند کەسێک وەک لە پێشتر دەکرا.
لە بەیاننامەکەدا بزووتنەوەی حەماس ئاماژەی بەوەشکردووە، داوایان لە ئەمەریکا کردووە، گرەنتی ئەوە بدات سەرکردەکانی حەماس سەلامەت دەبن کاتێک دەیانەوێت بە خواستی خۆیان کەرتی غەززە بەجێبێڵن و بڕۆن.