لە هەولێر هەڵمەتی کوتان دژی ئەنفلۆنزای وەرزی دەستیپێکرد

تەندروستیی هەولێر هەڵمەتێکی کوتانی دژی ئەنفلۆنزای وەرزی لە باغی شار بۆ خانەنشینان و بەساڵاچووان ئەنجامدا و بڕیارە هەڵمەتەکە بەردەوام بێت.
هەڵمەتەکە ئەمڕۆ یەکشەممە 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە باغی شار دەستیپێکرد و لەمبارەوە د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بە کوردستان24ی گوت، هەڵمەتەکە بۆ چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت و سبەینێ دووشەممە تیمەکانیان سەردانی خانەی بەساڵاچووان دەکەن و لەوێش هەڵمەتی کوتان ئەنجام دەدەن.
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی هەولێر ئاماژەی بەوەشدا، مەبەست لەو هەڵمەتە یارمەتیدانی ئەو کەسانەیە کە ناتوانن سەردابت بنکەکانی تەندروستی بکەن، لەم ڕێگەیەوە هاووڵاتیان هۆشیار دەکەنەوە کە ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا لە بنکەکانی تەندروستی بەردەستە و دەتوانن خۆیان ڤاکسین بکەن.
بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر گوتیشی، بۆ پێشگرتن لە تووشبوون بە ئەنفلەوەنزای وەرزی، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی ئەو 26 بنکەی تەندروستییە بکەن کە لەسنووری شاری هەولێر دەستنیشان کراون بۆ وەرگرتنی ڤاکسین، دکتۆر دلۆڤان جەختی لەوەش کردەوە، گرنگە هاووڵاتییان لە وەرزەکانی پاییز و زستان ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزای وەرزی وەربگرن.