ئۆپێک پڵەس بۆ مانگی داهاتوو بەرهەمهێنانی نەوت زیاد دەکات

سعوودیە و ڕووسیا دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شەش ئەندامەکەی دیکەی ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس، ڕەزامەندیان نیشاندا لە سەر پلانی زیادکردنی بڕی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی 137 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژێکدا بۆ هەر مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوەی ئۆپێک پڵەس بەشێوەیەکی ئۆنڵاین بەڕێوەچووە و دواتر ڕاگەیاندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردووەتەوە. ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای 30 مانگ لە ڕاگیرانی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای هەفتەی ڕابردووەوە پاش ڕێککەوتنی سێقۆڵی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی کوردستان و وەزارەتی نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکانی بەرهەمهێنەری نەوت، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی کوردستان لە ڕێگەی سۆمۆوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەستی پێکردەوە.
خۆرخێ لیۆن شرۆڤەکاری کۆمپانیای ڕیستاد ئینێرجی بە ئاژانەکەی ڕاگەیاندووە، ڕێکخراوەکە دوای ئەوەی سەرنجی گرژی بازاڕیان داوە، لە ئەگەری زیادکردنی 500 هەزار بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژیکدا، بە وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ڕێژەی خواست و خستنەڕوو، هەروەها نرخی نەوتیان لە بازاڕی جیهانیدا کردووە.
بە بڕوای لیۆن، ڕێکخراوەکە بە ئاڕاستەیەکی ڕاست کار دەکات و توانیوێتی دۆخی بازاڕ لە بەرچاو بگرێت و لە چوارچێوەی داواکاری و خستنەڕوودا بە ئارامی مامەڵە لەگەڵ پشکەکان و نرخی نەوتدا بکات.
ڕێکخراوی ئۆپێک پڵەس کە هەر یەکە لە سعوودیە، ڕووسیا، عێراق، ئیمارات، کوەیت، کازاخستان، جەزائیر و عوممان لە خۆ دەگرێت لە مانگەکانی چوار و پێنجی ئەمساڵدا ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزکردوە بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا.
ئەم هەنگاوە خێرایەی ڕێکخراوەکە لە لایەن وڵاتانەوە پێشبینی نەدەکرا، لە کاتێکدا ئەوان هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی دابەزینی نرخی نەوت دەدەن بە کەمکردنەوەی خستنەڕووی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی مانگانەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لەم مانگانەی دواییدا ئۆپێک پڵەس ستراتیژی تایبەتی خۆی پەیڕەو دەکات بۆ وەرگرتنەوەی پشکەکانی لە بازاڕدا، بە کێبڕکێ کردن لەگەڵ بەرهەمی وڵاتانی دیکەی وەکو ئەمەریکا، بەڕازیل، کەنەدا، گویانا و ئەرژەنتین، کە بڕی بەرهەمهێنانیان نزیک بووەتەوە لە ئاستی پێوانەیی بەرهەمهێنان.
ئاڕاستەی زیادکردن بە ڕێژەیەکی ئاوا بەرز لە گەڵ داواکاریی نەوت لە بازاڕی جیهانیدا ناڕێکە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت لە ساڵەکانی 2025 و 2026دا ڕێژەکە زیاتر ببێت و بگات بە 700 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە.
ئۆپێک لە دوایین پێشبینیدا گەشبینە بە داواکاری زیاتری نەوت، بۆیە پێشبینی زیادکردنی بەرهەم دەکات بۆ 1.3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ساڵی 2025 و 1.4 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ ساڵی 2026.
لە پاشخانی ئەم زیادکردنەدا نیگەرانیەکانی وڵاتانی فرۆشی نەوتیش زیادی کردووە بەوەی کە نرخی نەوتی خاو لە بازاڕدا دابەزیووە و ئێستاش نرخی هەر بەرمیلێک لە دەوروبەری 65 دۆلارە، لە ماوەی ئەم هەفتەیەشدا بە ڕێژەی 8% نرخەکەی لە دەستداوە.