ئیسرائیل ژمارەی کوژراوانی هێزەکانی بڵاوکردەوە

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل لە دوای دوو ساڵ شەڕی غەززە، ئاماری کوژراوەکانی بڵاوکردەوە.
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، لەلایەن ئیسرائیلەوە بە "شمشێری ئاسنین" و لەلایەن حەماسەوە بە "تۆفانی ئەقسا" ناسێنرا، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماری کۆی گشتیی ئەو سەربازانەی بڵاوکردەوە کە لە بەرە و ناوچە جیاجیاکاندا کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی 7ـی تشرینی یەکەمی 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەزار و 152 سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم ئامارە سەربازانی سوپای ئیسرائیل، پۆلیس، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ 'شاباک'، کارمەندانی دەزگای زیندانەکان و ئەندامانی تیمەکانی ئامادەباشی لەخۆدەگرێت کە لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و کەناری ڕۆژئاوا کوژراون.
بەپێی یەکەی سەربازی، هەزار و 35 سەربازی سوپای بەرگریی ئیسرائیل (IDF)، 100 ئەفسەر و کارمەندی پۆلیسی ئیسرائیل، نۆ کارمەندی دەزگای ئاسایشی گشتیی شاباک، هەشت کارمەندی دەزگای زیندانەکان کوژراون.
بەپێی جۆری خزمەت:
318 سەربازی یەدەگ، 283 سەربازی پیشەگەر' بڕیاردەر' و 43 ئەندامی تیمەکانی ئامادەباشی لە هێرشەکەی7ـی تشرینی یەکەمدا کوژران. هەروەها زیاتر لە سەدا 40ـی کوژراوەکان '487 کەس' تەمەنیان لە خوار 21 ساڵەوە بووە و 141 کەس تەمەنیان لە سەرووی 40 ساڵەوە بووە.
بەپێی ڕەگەز و باری کۆمەڵایەتی:
هەزار و 86 سەربازی کوژراو لە ڕەگەزی نێر و 66 لە ڕەگەزی مێ بوون و 801 کەسیان سەڵت و 327 کەسیان خێزاندار بوون. هەروەها ئامارەکان ئاماژەیان بەوە کردووە لە ماوەی ساڵی دووەمی شەڕەکەدا، واتە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2024 تا بەرەبەیانی 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، 262 سەربازی دیکە لە بەرەکانی جەنگدا کوژراون.