ئامارە فەرمییەکان: ڕێژەی بێکاریی ئافرەتان لە عێراق دوو هێندەی پیاوانە

بێکاریی ئافرەتان و نەبوونی هەلی دامەزراندن لە،رتی گشتی و تایبەتدا لە عێراق، کاریگەریی نەرێنی کردووەتە سەر دۆخی ئافرەتان لە وڵاتدا.
سەبارەت بە ڕێژەی بێکاری لە عێراق، عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئامارە فەرمییەکانی خستەڕوو، جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هەردوو ڕەگەزدا نیشان دەدات.
بە گوتەی هنداوی، بۆ میدیای عێراقی قسەی کردووە، هەرچەندە ڕێژەی گشتیی بێکاری لە وڵاتەکەدا لە 16.5% لە ساڵی 2022 بۆ 13% لە سەرەتای ساڵی 2025 دابەزیوە، بەڵام ڕێژەی بێکاری لەنێو ئافرەتاندا نزیکەی دوو هێندەی پیاوانە. ڕێژەکە لەنێو ئافرەتاندا دەگاتە نزیکەی 18%، لە کاتێکدا لەنێو پیاواندا لە نێوان 9% بۆ 10% دایە.
هنداوی هۆکارەکانی ئەم جیاوازییە بۆ کۆمەڵێک فاکتەری کۆمەڵایەتی و نەبوونی دەرفەتی کاری گونجاو بۆ ئافرەتان بە بەراورد بە پیاوان دەگەڕێنێتەوە،، وایکردووە زۆرترین هەلی کار بەر پیاوان بکەوێت.
لەم بارەیەوە، ڕەزا عەزاوی، پسپۆڕی ئەکادیمی و کۆمەڵناس، بێکاریی ئافرەتان بە "قەیرانێکی بێدەنگ" ناودەبات. بە بڕوای ئەو، لایەنە پەیوەندیدارەکان گرنگیی پێویست بە دۆزینەوەی هەلی کار بۆ ئافرەتان نادەن و کاری ئافرەتان وەک پرسێکی لاوەکی سەیر دەکەن. ئەمەش دەبێتە هۆی بەهەدەردانی توانای ئافرەتان، بەتایبەتی لە کایەکانی ئەکادیمی و پەروەردەییدا.
عەزاوی ئاماژە بەوە دەکات، ساڵانە دەیان هەزار کەس لە زانکۆکانی عێراق دەردەچن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پلانی گونجاو، نەتوانراوە وەک پێویست سوود لە تواناکانیان وەربگیرێت و تێکەڵ بە بازاڕی کاریان بکەن. ئەو دەپرسێت، "پلانی حکووومەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشە کۆمەڵایەتییە چییە، و ئەو چارەسەرانە چین، ئافرەتانی عێراقی چاوەڕێی دەکەن بۆ وەرگرتنی ڕۆڵی کۆمەڵایەتییان؟".
کێشەی بێکاریی ئافرەتان لە عێراق تەنیا ئاماژەیەکی ئابووری نییە، بەڵکووو کێشەیەکی کۆمەڵایەتیی قووڵە، کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر سەقامگیریی خێزان و کۆمەڵگە هەیە و پێویستی بە چارەسەری بەپەلە و گشتگیر هەیە.