ژمارەی قوربانیانیی قوتابخانەکەی ئیندۆنیزیا گەیشتە 54 کەس

دەسەڵاتدارانی ئیندۆنیزیا ڕایانگەیاند، ژمارەی قوربانیانی قوتابخانە ڕووخاوەکەی ئیندۆنیزیا گەیشتە 54 کەس، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە هەفتەیەک، هێشتا گومان دەکەن زیاتر لە 10 کەس لەژێر داروپەردودا مابن.

یودهی برامانتیۆ بەڕێوەبەری ئاژانسی نیشتمانیی فریاگوزاریی ئێندۆنیزیا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی ئۆکتۆبەری 2025، تیمەکانیان توانیویانە 54 تەرم دەربهێنن و هیوادارین بتوانین ئەمڕۆ پرۆسەی گەڕان کۆتایی پێبهێنین و تەرمەکان ڕادەستی خێزانەکانیان بکەینەوە".

هەروەها جێگرەکەی برامانتیۆ گوتی، ڕووخانی قوتابخانەکە گەورەترین کارەساتە ئەمساڵە لە ئیندۆنیزیا تۆمارکراوە و لایەنیکەم تاوەکوو ئێستا 13 قوربانی چارەنووسیان نادیارە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان تا ئێستا لێکۆڵەوەکان لەسەر هۆکاری ڕووخانی باڵەخانەی قوتابخانە بەردەوامە، بەڵام گومانی شارەزایان لەسەر ڕەچاونەکردنی ستانداردەکانی بیناسازییە. 

خانەوادەی بێسەروشوێنان پێنجشەممەی ڕابردوو ڕەزامەندی خۆیان دەربڕی بۆ بەکارهێنانی ئامێری قورس لەلایەن تیمەکانی فریاگوزارییەوە بۆ لادانی پاشماوەی باڵەخانە ڕووخاوەکە، چونکە دوای تێپەڕبوونی 72 کاتژمێر ئومێدبڕاو بوون لەوەی منداڵەکانیان لە ژیاندا مابن.

29 مانگی ڕابردوو قوتابخانەیەکی چەند نهۆمیی خوێندنی  ئیسلامی لە دورگەی جاوەی ئیندۆنیزیا لە کاتی کۆبوونەوەی قوتابیان بۆ نوێژی عەسر ڕووخا، 48 کاتژمێر لە دوای ڕووداوەکە، ئامارێکی سەرەتایی بڵاوکرایەوە کە 91 کەس لە ژێر داروپەردووی باڵەخەکەدا ماون و 38 کەسی دیکەش بێسەروشوێنن، کە زۆرینەیان قوتابین، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەهۆی تەواو نەبوونی پرۆسەی گەڕان و هەڵدانەوەی پاشماوەی باڵەخانە ڕووخاوەکە، حکوومەتی ئیندۆنیزیا نەیتوانیوە کۆتا ئاماری قوربانیان و زیانەکان ڕابگەیەنێت.

 

 
Fly Erbil Advertisment