ئیسماعیل بەقایی: لەم قۆناغەدا پلانی دانوستانمان نییە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، سێ زلهێزەکەی ئەورووپا 'ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا' نەیانتوانیوە وەک لایەنێکی سەربەخۆی دانوستانکار سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی خۆیان بسەلمێنن.
دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا لە ماوەی دوو سێ مانگی ڕابردوودا ڕێگەیەکی نابەرپرسانە و تێکدەرانەی گرتۆتەبەر، هەروەها ناکۆکییەکانیان قۆستۆتەوە.
گوتیشی "ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ بەرنامەیەکمان نییە بۆ دانوستاندن، سەرنجمان لەسەر لێکۆڵینەوەیە لە دەرئەنجامەکان و کاردانەوەی ئەوکارانەی هەر سێ وڵاتە زلهێزەکەی ئەورووپا و ئەمەریکا گرتوویانەتەبەر."
ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتەکە بە یەکێک لە سەخترین قۆناغەکانیدا تێپەڕی لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و پێشهاتە بەرچاوەکان، گرنگترین پرس کە ئەمڕۆ گۆڕەپانەکەی داگیرکردووە، چ لەسەر ئاستی ناوچەیی و چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، کۆمەڵکوژی بەردەوامە لە فەڵەستینی داگیرکراو".
بەقایی جەختیشی کردەوە، سەرەڕای چەندین جار بانگەشەی ڕاگرتنی تاوانەکان و هێنانەدی ئاشتی بۆ غەززە، بەڵام فەڵەستینییە بێتاوانەکان بەردەوامن لە کوشتن و برسیکردن.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا سزاکانی بەسەر تاراندا سەپاندەوە، پاش ئەوەی فەڕەنسا و بەریتانیا و وڵاتێکی تری ئەورووپا میکانیزمی "گەڕانەوە"ـی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 یان چالاک کرد.