تۆم باراک: گفتوگۆیەکی جددیمان لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کرد

نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا و فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆبوونەوە.
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ کاروباری سووریا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: ئەمڕۆ دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025، لەگەڵ ئەدمیراڵ کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (CENTCOM)، سەردانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریامان کرد و لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) کۆبوونەوە
تۆم باراک دەشڵێت: لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆی گرنگ و جددیمان کرد، کە دەبێتە هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاڵپشتی کردنی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پێدانی دەرفەتێک بە سووریا بۆ یەکگرتنەوەی هەموو پێکهاتەکان بەشێوەیەکی ئاشتی و خۆشگوزەرانی هاوبەش.
بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی هەوار، هەر دوو لا تاوتوێی هەنگاوە کردارییەکانیان بۆ خێراکردنی پرۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار کرد، کە لە نێوان (هەسەدە) حکوومەتی دیمەشق واژۆ کراوە. هەروەها گفتوگۆیان لەبارەی هەنگاوەکانی هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا و ڕەخساندنی ژینگەیەکی ئارام بۆ وەبەرهێنان و گەشەپێدان و کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی ئاوارە و پەنابەران بۆ زێدی خۆیان کرد کرد.
ئەو ئاژانسە باسی لەوەش کردووە، ئەمەریکا و هەسەدە، پابەندبوونی خۆیان بە بەردەوامبوونی هاوبەشیی نێوان هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەسەدە لە شەڕی دژی داعش و پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە شێوەیەک کە یەکپارچەیی خاکی سووریا و سەروەرییەکەی بپارێزێت، دووپات کردەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا هەریەکە لە ئیلهام ئەحمەد لە هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ڕۆهەڵات عەفرین فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، غەسان ئەلیووسف جێگری هاوسەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات، عەبد حامد ئەلمەهباش سەرۆکی پارتی سوریای ئاییندە ئامادە بوونە.
دوێنێ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردبووە و تێیدا ئاماژەی دابوو، "لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چەکدارانی سەر بە حکوومەتی دیمەشق بە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشییان کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی سەربازی لە دەوروبەری دێر حافر، لە ئەنجامدا سێ لە سەرباز بە سووکی بریندار بوون. هەروەها لە ئێوارەی هەمان ڕۆژ، درۆنێکی دیکە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کردە ئامانج کە ئەرکییان پاراستنی هاووڵاتییان بووە، کە بووە هۆی برینداربوونی چوار سەربازی دیکە."
هەسەدە ڕاشیگەیاندبوو، "ئەم هێرشە بەردەوامانە، بە ڕوونی نیازی چەکدارانی حکوومەتی دیمەشق بۆ دروستکردنی پشێوی و تێکدانی سەقامگیری لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئاشکرا دەکات، هەروەها هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئەو دۆخە ئارام و ڕێکخراوەیەی کە خەڵکی ناوچەکە تێیدا دەژین. هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) جەخت دەکاتەوە کە لەسەر ئەرکی خۆی بۆ پاراستنی گەلەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە بەردەوام دەبێت."
I visited northeast Syria today with @CENTCOM Commander Admiral Cooper for substantive conversations with @MazloumAbdi and the SDF. Forward momentum for @POTUS’s vision of “give Syria a chance” by allowing Syrians to unite with all Syrians in a renewed effort for cooperative… pic.twitter.com/hCuTNNBUmm
— Ambassador Tom Barrack (@USAMBTurkiye) October 6, 2025