ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا ڕەت دەکاتەوە

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریا ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت، ئەو هەڵبژاردنە نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەکانی سووریا ناکات و ڕەوا نییە و بووەتە هۆی قووڵتربوونی ناکۆکییەکان.

دووشەممە 6ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (MSD) لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە "هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی" سووریا ڕاگەیاند و ئاماژەی داوە، هەڵبژاردنەکانی "ئەنجوومەنی گەلی سووریا" ویستی سوورییەکان ناگەیەنێت، هاوکات نوێنەرایەتیی هەموو ناوچە و پێکهاتەکانی وڵات ناکات.

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات هەڵبژاردنەکانی وەک شانۆیەکی سیاسی وەسف دەکات و گوتی: "ئەم هەڵبژاردنە شایانی مێژووی ڕاستەقینەی سووریا نین. هەروەها شایانی قوربانیدانی گەلەکەمان نین بۆ دروستکردنی سووریایەک کە لەسەر بنەمای دیموکراسی، ئازادی و هاوبەشی ڕاستەقینە خەبات دەکات.”

دەشڵێت: ئەم هەڵبژاردنە تەنیا ڕووکەشین و لە جیاتی ئەوەی ببنە هەنگاوێک بەرەو یەکڕیزی نیشتمانی و ئاشتەوایی گشتی، بوونەتە هۆی قووڵتربوونی ناکۆکی لەنێو کۆمەڵگای سووریا.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە،"سوورییەکان هەڵبژاردنی ڕاستەقینە دەخوازن کە ویستی ئەوان نیشان بدات و هەمووان تێیدا نوێنەرایەتی بکرێن؛ چونکە ئەمە مافێکی نەتەوەییە کە نابێت پشتگوێ بخرێت و دەستی لێ هەڵبگیرێت. ئەم داواکارییە بنەڕەتییانە دەبنە هۆی دروستکردنی دەوڵەتێکی یەکگرتوو و دیموکرات لەسەر بنەمای دادپەروەری، هاووڵاتی بوون و یەکسانی بۆ هەموو سوورییەکان."

ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی کردەوە، ئەو هەڵبژاردنەی هەموو سوورییەکانی ناوخۆ و دەرەوە ناگرێتەوە و لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا ئەنجام نەدرێن، ڕەوا نین.

 
 
Fly Erbil Advertisment