دانوستانەکانی شاندی حەماس و ئیسرائیل لە هاوینەهەواری شەرم شێخ دەستی پێکرد

دانوستانەکانی هەر دوو شاندی حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیریی میسر، قەتەر و ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەستی پێکردووە، سەرچاوەیەکەیش دەڵێت: لەوانەیە دانوستانەکان چەند ڕۆژێک بخایەنێت

دووشەممە 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  میدیاکانی میسر بڵاویان کردووەتەوە، دانوستانەکانی ناڕاستەوخۆ هەر دوو شاندی حەماس و ئیسرائیل لە هاوینەهەواری شەرم شێخی لە میسر بە نێوەندگیری قەتەر، میسر و ئەمەریکا لەبارەی ئاگربەستی غەززە دەستی پێکردووە.

کەناڵی "قاهیرە"ی میسری، لەو بارەوە ڕایگەیاندووە، شاندەکان "گفتوگۆ لەسەر ئامادەکردنی زەمینەی گونجاو بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکەن. ئاماژەشی داوە : "میسری و قەتەری لەگەڵ هەر دوو لایەن کار دەکەن بۆ دامەزراندنی میکانیزمێک" بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان و زیندانییەکان.

سەرچاوەیەکی فەلەستینی نزیک لە سەرکردایەتی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕایگەیاند: "ئەم خولەی دانوستانەکان، "لەوانەیە چەند ڕۆژێک بخایەنێت". گوتیشی: "پێشبینی دەکەین دانوستانەکان قورس و ئاڵۆز بن.

دوێنێ یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، بزووتنەوەی حەماس ڕایگەیاندبوو، شاندەکەیان بە سەرۆکایەتی خەلیل حەییە، گەیشتنەتە میسر، بە مەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەگەڵ ئیسرائیل بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بارمتە و گەیشتن بە ئاگربەست لە غەززە. هەروەها نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاندبوو، شاندی وڵاتەکەیان ڕۆژی دووشەممە بەرەو شەرم شێخ بەڕێدەکەون.

هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ستیڤ ویتکۆف و جارد کوشنەر وەک نوێنەری خۆی بۆ بەشداریکردن لە دانوستانەکان دەنێرێتە میسر.

ئەمەش لە کاتێکدایە،هەر دوو لایەن حەماس و ئیسرائیل بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی پلانی دۆناڵد ترەمپیان بۆ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست داوەتەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment