یەکەمین فێستیڤاڵی ترێ لە میراوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو

یەکەمین فێستیڤاڵی ترێی ڕەش لە میراوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێوەچوو، بەرپرسانی شارەکە دەڵێن: ناساندنی ترێی ڕەش وەک بەرهەمی نایابی ئەو شارە، ئامانجی فێستیڤاڵەکەیە، هاوکات نیشاندانی توانای ناوچەکەیە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و کشتوکاڵی، باخدرانیش داوای وەبەرهێنان لەبواری پیشەسازیی بەرهەمەکانی ناوخۆ دەکەن.
حیسامەدین بابی گەورە، قایمقامی میراوە بۆ کوردستان24 گوتی: دەمانەوێت بازرگانی بە ترێی ڕەش بکەین، ئێستا و ساڵانی ڕابردووش، تەنها لەنێوخۆدا ساغ دەکرێتەوە، 15 بۆ 20 ڕۆژێک بازاڕی هەیە و دەفرۆشرێت، دوایی بەرهەمەکە هەمووی وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناچار جووتیاران بە کەمترین نرخ دەیفرۆشنەوە.
باخداران و خەڵکی ناوچەکە بە ڕێکخستنی فێستیڤاڵەکە دڵخۆشن و دەڵێن: پێشوازیی خەڵک لە فێستیڤاڵەکە باشە، داواش دەکەن بەرپرسان و وەبەرهێنەران کاربکەن بۆ برەودان بە بەرهەمی ترێی ڕەش، لە ناوچەکە کارگەی پیشەسازیی بۆ بەرهەمەکانی ترێی ڕەش دروست بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان بفرۆشن و کڕیارانی شارەکانی دیکە بە پارەیەکی هەرزان لەژێر دەستیان دەری نەهێنن.
قادر کەریمپوور مامۆستای میراوە و بۆ کوردستان24 گوتی: بەرهەمهێنانی ترێ زەحمەتی زۆری دەوێت، هیوادارین وەبەرهێنەران بێنە میراوە و وەبەرهێنان لە بەرهەمی ترێدا بکەن و ساردکەرەوە دروست بکەن بۆ دروستکردنی بەرهەمەکان بۆ ئەوەی ماندووبوونی جووتیاران بەهەدەر نەچێت و بەرهەمەکانیان هەرزان فرۆش بێت.
عەلی ڕوحی باخەوانێکی میراوەیە، بۆ کوردستان24 گوتی: بەرهەمی ترێی میراوە بەرهەمێکی هێندە چاکە، لە جیهان دەنگی داوەتەوە، پێویستە حکوومەت پشتیوانی بەرهەمی ئەو شارە بکات، چونکە باخداران زەحمەتی زۆر بە بەرهەمی ترێ دەکێشن، بەرهەمەکە نرخی کەمە، بە پێویستی زانی ساردکەرەوە لە میراوە دابندرێت بۆ هەڵگرتنی بەرهەمی باخداران.
عومەر زەردە، هەنگەوانە و دەڵێت: پێشوازی خەڵک لە فیستیڤاڵەکە باشە چونکە ئێستا کاتی ڕەزبڕین و ترێ چنینە، ساڵای داهاتوو فیستیڤاڵەکە باشتر و پڕ بەرهەمی باشتر دەبێت.
میراوە توانای ڕاکێشانی گەشتیاری بۆ ناوچەکە هەیە، جگەلە ترێی ڕەش وەکو بەرهەمێکی نایابی میراوە، لە ڕووی مێژووییەوە، شوێنەواری پردی قەڵاتاسیانی لێیە، هەروەها لە ڕووبارەکانی ناوچەکەدا، دەتوانرێت پرۆژەی تیلیفریک و پردی هەڵواسراو و شاخەوانی دروست بکرێت، ئەگەری هەیە ئەم فیستیڤاڵە دەستپێکێک بێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پرۆژە گەشتیارییانە لە میراوە.