دانیشتووانی ئاکرێ خانووە کۆنەکانیان دەکەنە شوێنی مانەوەی گەشتیاران
لە گەڕەکە دێرین و فۆلکلۆرییەکانی شاری ئاکرێ، هاووڵاتییان دەستیان بە پڕۆژەیەکی نوێ کردووە بە گۆڕینی خانووە کۆنەکانیان بۆ مۆتێل و شوێنی مانەوەی گەشتیاران. ئەم دەستپێشخەرییە وەک چارەسەرێک بۆ کەمیی هۆتێل و مۆتێل لە شارەکەدا سەیر دەکرێت و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزاری ئاکرێشەوە پشتگیری لێ دەکرێت.
ئەمین سەلیم، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئاکرێ، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "ئەم خانووانە بەشێک لە کێشەی کەمی شوێنی مانەوەی گەشتیارانمان بۆ چارەسەر دەکات و هانی خەڵک دەدات لە ئاکرێ بمێننەوە".
دڵشاد نەبی، یەکێک لە هاووڵاتییانی ئاکرێ، ئاماژەی بەوەدا، ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی شارەکە دەکەن، بۆیە بڕیاری داوە ماڵە کۆنەکەی بگۆڕێت بۆ هۆتێل و مۆتێل. ناوبراو گوتی: "لە ئاکرێ مۆتێل نییە و ئێمە ئەو خانیانە نۆژەن دەکەینەوە و دەیانکەین بە مۆتێل و هۆتێل بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ پێشوازیکردنی گەشتیاران".
تا ئێستا، ژمارەی ئەو خانووە کۆنانەی لە ئاکرێ نۆژەنکراونەتەوە و کراونەتە شوێنی مانەوەی گەشتیاران گەیشتووەتە 20 خانوو، هەروەها نووسینگەی تایبەتیش بۆ بەکرێدانی ئەم خانووانە کراونەتەوە.
هەوار عادل، خاوەنی نووسینگەی خانووبەرە لە ئاکرێ، ڕایگەیاند، ڕۆژ بە ڕۆژ خواست لەسەر ئەم جۆرە خانووانە زیاتر دەبێت و گەشتیاران لە کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێراقەوە ڕوو لە ئاکرێ دەکەن و لەم خانووە کۆنانەدا دەمێننەوە.
سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی گەشتیاران، ئاکرێ تەنیا یەک هۆتێلی هەیە، بۆیە زیادبوونی ئەم خانووانە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینێت لە کەمکردنەوەی کێشەی کەمی شوێنی حەوانەوە.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا 400 هەزار کەس سەردانی ئاکرێیان کردووە، و بوونی شوێنی مانەوەی گونجاو کاریگەری ئەرێنی لەسەر پێشخستنی ئەم کەرتە دەبێت.
جگە لە چارەسەرکردنی کێشەی مانەوەی گەشتیاران، نۆژەنکردنەوەی ئەم خانووانە سیمایەکی جوانی بە کۆڵانە کۆنەکانی ئاکرێ بەخشیوە و مانەوە لەم شوێنە دێرینانە هەستی ئارامی بە گەشتیاران دەبەخشێت.