ئەو کەسانەی خوێندەواریان نییە دەتوانن بە میکانیزمێکی نوێ مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن

مۆڵەتی نوێی شۆفێری
مۆڵەتی نوێی شۆفێری

بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد لە ئاییندەیەکی نزیکدا میکانیزمێکی نوێ دەخرێتە کار و کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە خوێندەواریان نییە.

هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 6ی تشرینی یەکەمی 2025،  تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: میکانیزمێکی نوێ لە سەروبەندی کۆتاییدایە بۆ ئەو کەسانەی خوێندەوارییان نییە، کە بتوان بەبێ گرفت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، ئاماژەی بەوە کرد، میکانیزمەکە بە جۆرێکە لە ڕێگەی هێدفۆنەوە بە دەنگی تۆمارکراو، پرسیارەکانی لەسەر کۆمپیوتەر بۆ دەخوێنرێتەوە و پێشکەشکار گوێ دەگرێت تەنیا کلیک دەکات و وەڵام دەداتەوە.

هەروەها باسی لەوە کرد، ئەمساڵ ئەم میکانیزمە نوێیە دەخرێتە خزمەت هاووڵاتییان و بە جۆرێکە هیچ کەسێک ناتوانێت فێڵ بکات و کارئاسانییەکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەکات کە خوێندەواریان نییە.

لە مانگی ئاداری ئەمساڵ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند: سیستەمی نوێی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان گۆڕ درا و پێشکەشکار، سەرەتا دەچێتە نووسینگەیەکی دانپێدراو لە وەزارەتی ناوخۆ و دوای وەرگرتنی خول و ڕاهێنان بەشێوەی تیۆری و پراکتیکی ئینجا دەچێتە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆ سنوورەکە و تاقیکردنەوەکان دەکات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment