ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر لە ستانداردی جیهانی نزیک دەبێتەوە

هەڵمەتی تیمەکانی شارەوانی هەولێر بۆ داچاندنی نەما
هەڵمەتی تیمەکانی شارەوانی هەولێر بۆ داچاندنی نەما

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ڕایگەیاند، هەڵمەتی سەوزکردنی سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی هەولێر بەردەوامە و بەگوێرەی دوا پێوانە، ئێستا ڕێژەی سەوزایی شاری هەولێر گەیشتووەتە 20% لە ستانداردی جیهانی نزیکبووەتەوە.

ڕێبین ئەحمەد بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر ئەمڕۆ سێ شەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان 24ی ڕاگەیاند، بە ئامانجی زیادکردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانکردنی سیمای شار، هەڵمەتی پایزەی چاندنی نەمام بەردەوامە و لەم چوارچێوەیەشدا لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵەوە تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 10 هەزار نەمامی جۆراوجۆر داچێنراون. 

ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا ڕووبەری سەوزایی شاری هەولێر گەیشتووەتە 20%و هەڵەمەتەکە بەرفراوان و بەردەوامە و سنووری هەر شەش شارەوانییەکەی شاری هەولێر دەگرێتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە بە گوێرەی ستانداردی جیهانیی ڕێژەی سەوزایی هەر شارێک دەبێت 25% کەمتر نەبێت.

بەڕێوەبەری ئەندازەی پارکەکانی هەولێر گوتیشی: لە پارک و دوورگە ناوەندییەکان و شەقامە سەرەکییەکان چەندین جۆری جیاواز لە نەمام دەچێندرێن، لەنێویاندا دارسیسەم، ئەلبیزیا و ژاڵە و چەند نەمامێکی دیکە بۆ ڕازاندنەوە و زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی دەچێندرێن.

هەر لە بارەی هەڵمەتەکە، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردووەوەتەوە، تەنیا ئەمڕۆ سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، لەلایەن تیمەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارکەکان دەستکرا بە چاندنی زیاتر لە 250 نەمام لە جۆری دارسیسەم، بەشێکی دیکەی غابات نـاو گوندی حەسارۆک، هەروەها چاندنی 300 داری دیکەی  ئەلبیزیا لە دوورگەی ناوەندی شەقامی هانا سیتی .

لەلایەکی دیکەوە 250 نەمامی دیکەیان لە جۆری دار سیسەم لە پارکی لاولاو لە چواردەوری پەرژینی چاندووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment