وەزیری بەرگریی سووریا ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئاگربەستی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی ڕاگەیاند

وەزیری بەرگریی سووریا ڕێککەوتنێکی گشتگیری ئاگربەستی لەگەڵ فەرماندەی گشتیی هەسەدەی ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2025، مورهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگریی سووریا لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" ڕایگەیاند "کەمێک پێش ئێستا، لە دیمەشق، لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)،کۆبوومەمەوە."
وەزیری بەرگریی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە "ڕێککەوتین لەسەر وەستاندنی گشتگیری تەقەکردن لە هەموو میحوەر و خاڵە سەربازییەکانی باکوور و باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە مەرجێک جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەستبەجێ دەست پێبکات."
التقيت قبل قليل بالسيد مظلوم عبدي في العاصمة دمشق واتفقنا على وقفٍ شاملٍ لإطلاق النار بكافة المحاور ونقاط الانتشار العسكرية شمال وشمال شرق سوريا، على أن يبدأ تنفيذ هذا الاتفاق فورياً.
— مرهف أبو قصرة (@Murhaf_abuqasra) October 7, 2025
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکراتەوە (هەسەدە) لەبارەی ئەم کۆبوونەوە و ڕێککەوتنەوە بڵاونەکراوەتەوە. چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا وردەکاری زیاتر لەبارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئاگربەستەکە و خاڵەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە ئاشکرا بکرێت.
بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، مەزڵووم عەبدی چووە دیمەشق و میدیاکانی نزیک لە هەسەدە ڕایانگەیاندووە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی ڕاگوزەری سووریا کۆبووەتەوە. تەوەرێکی سەرەکیی کۆبوونەوەکەیان، وەستاندنی یەکجارەکی شەڕ بوو لە گەڕەکە کوردنشینەکانی حەلەب.
شەوی ڕابردوو (دووشەممە، 06ـی تشرینی یەکەمی 2025)، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی نوێی سووریا هێرشیان کردە سەر هێزە ئەمنییەکانی هەردوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود) و شەڕەکە تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە، 07ـی تشرینی یەکەمی 2025، بەردەوام بوو.
وەزارەتی بەرگرییی سووریا هەسەدەی تۆمەتبار کرد، بەڵام هەسەدە بە ڕاگەیێندراوێک وێڕای رەتکردنەوەی تۆمەتەکان، ئاڵۆزییەکانی خستە ئەستۆی هێزەکانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناخی ڕاگوزەری سووریا.