مووساد: نزیکین لە ئاساییکردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ سعودیە

"سعودییەکان چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکان"

K24 - هەولێر

ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە نزیکە و، رەنگە یەکسەر لەدوای دەرچوونی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمەریکا رابگەیەنرێت.

ماڵپەڕی جێریوزالێم پۆستی ئیسرائیلی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 25-10-2020) رایگەیاند یوسی کۆهین، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئیسرائیل (مووساد) لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا باسی لەو ئاساییکردنەی پەیوەندییەکان لەگەڵ سعودیە کردووە.

کۆهین بەپێی رۆژنامە ئیسرائیلییەکە گوتوویەتی "سعودییەکان چاوەڕوانن تاوەکو ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەمەریکا رابگەیەنرێت، بۆ ئەوەی ئاساییکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل، وەکو دیارییەک پێشکەش بە براوەکە بکەن".

بەڕێوەبەری مووساد لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها باسی لەوە کردووە، ئەگەر دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکایەتیی 2020ـی ئەمەریکا بباتەوە، رەنگە یەکسەر سعودیە ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل رابگەیەنێت، بەڵام ئەگەر ئەنجامەکە وەکو ئەنجامی راپرسییەکان بێت و جۆو بایدن، کاندیدی دیموکراتەکان بباتەوە، سعودیە هەرچەندە هەر دەیەوێت رێککەوتنەکە لەگەڵ ئیسرائیل بکات، بەڵام کاتەکەی دیاریکراو نابێت.

بەرپرسە ئیسرائیلییەکە باسی لەوەش کردووە، سعودیە نایەوێت ئەو رێککەوتنە وەکو دیارییەک بداتە ترەمپ، کەچی بایدن لە هەڵبژاردن بباتەوە و ببێتە دەستکەوت بۆی.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕە ئیسرائیلییەکە، ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی نێوان سعودیە و ئیسرائیل رێککەوتنێکی تایبەت بە چەکیش لەخۆدەگرێت.

ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل چاوەڕوانکراوە. سەنتەری زۆگبی بۆ راپرسی، کە سەنتەرێکی تایبەتە بە راپرسی لە وڵاتانی عەرەبی، لە ئەنجامی راپرسییەکیدا ئاشکرای کردووە؛ 80٪ـی سعودییەکان لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەکەیان کاربکات بۆ ئاساییکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، لەماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا.

بە دەستپێشخەریی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ئەمساڵ قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیی دەوروبەری دەستی پێکردووە و، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا هەریەک لە ئیمارات، بەحرەین و سوودان ئاساییکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل راگەیاندووە.