ڕووسیا بۆ ئەمەریکا: پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا دۆخەکە ئاڵۆز دەکات

کرێملن هۆشداری دەداتە کۆشکی سپی، مووشەکی تۆماهۆک بدرێت بە ئۆکرانیا بارودۆخەکە بەرەو خراپتر دەڕوات، چونکە تۆماهۆک توانای هەڵگرتنی کڵاوەی ئەتۆمی هەیە و دەتوانێت بگاتە ڕووسیا.
سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتی ڕووسیا (کرێملن) ڕایگەیاند، هەڵوێستی وڵاتەکەیان سەبارەت بە پێدانی مووشەکی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا، پێشتر لە لایەن ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا بە ئەمەریکا ڕاگەیەنراوە، کە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەبات، هەورەها بۆ ئۆکرانیاش هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت. هەر بۆیە کرێملن بە پێویستی دەزانێت لەم بارەیەوە زیاتر چاوەڕوانی هەڵوێستەکان بێت، بە تایبەتی دوا قسەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ پێدان یان پێنەدانی تۆماهۆک بە ئۆکرانیا.
کرێملن ڕوونیشی کردووەتەوە، چاوەڕوانییەکەی ڕووسیا لەو ڕاستییەوە سەرچاوە دەگرێت، ترەمپ دەیەوێت کێشەی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، هەرچەندە تاوەکوو ئێستا هەنگاوی جددی لە نێوان شاندی دیپلۆماسی ئەمەریکا و ڕووسیا لەم بارەیە نەنراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی، سەبارەت بەوەی کە ئایا بڕیاری داوە مووشەکی تۆماهۆک بۆ ئۆکرانیا بدات، ترەمپ گوتی: "بڕیاری لەسەر ئەو بابەتە داوە." ئاماژەی بەوەش کردبوو، " دەمەوێت بزانم چییان لێدەکات، بۆ کوێ دەیاننێرن؟ من دەبێت ئەو پرسیارە بکەم، چونکە من بەدوای پەرەسەندنی ئەو شەڕەدا ناگەڕێم.
پێشتر، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا داوای لە ئەمەریکا کردبوو، مووشەکی تۆماهۆک بە وڵاتانی ئەورووپا بفرۆشێت بۆ ئەوەی بتوانن بۆ ئۆکرانیا بنێرن.
یەکشەممە 5ی تشرینی یەکەمی 2025، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، بە تەلەڤزیۆنی فەرمی ڕووسیای، گوتبوو: پێدانی موشەکی تۆماهۆکی دوور مەودا بە ئۆکرانیا لەلایەن ئەمەریکاوە، بەو مەبەستەی هێرش بکاتە سەر مۆسکۆ، دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان و تێکدانی ئەو بەروپێشچوونە ئەرێنییانەی لەم دوایانە لە نێوان ئێمەی هەبووە.
سەرۆکی ڕووسیا ئەوەشی خستبووڕوو، سەرەڕای ئەوەی، مووشەکەکانی تۆماهۆک دەتوانن زیان بە ڕووسیا بگەیەنن، بەڵام بە بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی خۆیان، دەتوانن بەرپەرچییان بدەنەوە.
زانیاری لەسەر مووشەکی تۆماهۆک
مووشەکی تۆماهۆک مەودای 2,500 کیلۆمەتر دەبڕن، ئەمەش واتای ئەوەیە ئەگەر ئۆکرانیا ئەو مووشەکانە بەدەست بهێنێت، ئەوا کرێملن و تەواوی بەشە ئەورووپییەکەی ڕووسیا دەبنە ئامانج.
مووشەکی تۆماهۆک لە ساڵی 1983 دوای ماوەیەکی زۆر لە تاقیکردنەوە هاتە خزمەتی هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا. چوار دیزاینی مووشەکی تۆماهۆک هەیە، کە یەکێکیان بە کڵاوەی ئەتۆمی و یەکێکی دیکەشیان بە کڵاوەی ئاسایی و دروستکران و ئەوانیدیکەش جۆرێکیان لە زەویەوە هەڵدەدرێت و ئەوی دیکەش لە ژێردەریایی.
مووشەکی تۆماهۆک، کەشوهەوا کاری لێناکات و دوورهاوێژە، بەکاردێت بۆ پێکانی مەودای دوور، قەبارەی بچووکە و دەتوانێ لە نزمەوە بفڕێت و بەمەش بە سەختی دەتوانرێ ئاشکرا بکرێت.
ئەم موشەکە سیستمی ڕووپێوی تۆپۆگرافی لە ڕێگای ئامێری AN/DPW-23 بەکاردەهێنێت. سیستەمێکی دیکەی وێنەی بۆ ئەم مووشەکە دانراوە، کە وێنەی تۆپۆگرافیا ئەپلۆد دەکات و بەراوردی دەکات لەگەڵ ئەو وێنەیەی، کە لە کۆمپیتەری تایبەت بە مووشەکەکەیە، بەمەش دیقەکەی بۆ 10 مەتر زیاد دەکات بۆ شوێنی نیشانەکە. لە ساڵی 80کانەوە پەرەی پێدراوە و تاوەکو ئێستا 9 جۆر لەم مووشەکە هەیە.