جەی دی ڤانس: دەبێت ئێران بە کردەیی تواناکانی پیتاندن کەم بکاتەوە

جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆیتەرز رایگەیاند، پێویستە ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی بنەڕەتی کەم بکاتەوە بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانی ئەمریکا بداتەوە و کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت، کە زیاتر لە حەوت مانگە لە نێوان هەردوو وڵاتدا بەردەوامە. واشنتن لەم دۆخەدا هێشتا دڵنیا نییە لە شێوازی بڕیاردانی تاران لە دانوستانەکاندا.

جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا کە ماوەیەکی زۆرە گومانی لە دەستێوەردانی ئەمریکا لە جەنگە دەرەکییەکان هەیە، رۆڵێکی سەرەکی لە دانوستانەکانی چارەسەرکردنی ململانێکاندا بینی و لە حوزەیرانی رابردوودا نێوەندگیریی رێککەوتنێکی کاتیی کرد، کە زوو شکستی هێنا. جەنگەکە بازاڕەکانی وزەی جیهانی هەژاندووە و بووەتە بارگرانییەکی سیاسی بۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و هاوپارتەکانی لە پارتی کۆماری، پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی نیوەی خولی کۆنگرێس لە تشرینی دووەم.

سێشەممەی رابردوو، ڤانس دوای گەشتێکی هەڵبژاردن لە ئەلاسکا، جەختیکردەوە هەر رێککەوتنێک پێویستی بەوەیە ئێران توانای پیتاندنی ناوەکی کەم بکاتەوە، نەک تەنیا بەڵێنی کەمکردنەوەی تواناکانی لە داهاتوودا بدات. ڤانس گوتی: "ئەگەر ئێوە ناتانەوێت چەکی ناوەکی دروست بکەن، بۆچی پێویستتان بە سووتەمەنیی پیتێنراو بە رێژەی 60%ـی هەیە؟ ئەگەر دەتانەوێت پابەندبوونی خۆتان بە دروستنەکردنی چەکی ناوەکی نیشان بدەن، سووتەمەنیی بەرزپیتێنراو دروست مەکەن. ئەمە پرسێکی زۆر بنەڕەتییە".

جێگری سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئەگەر بیانەوێت پابەندبوونیان بە دروستنەکردنی چەکی ناوەکی نیشان بدەن، دەبێت رێکاری کردەیی لەبارەی تواناکانی پیتاندنەوە بگرنەبەر.

لە چەند هەفتەی رابردوودا، ئێران و ئەمریکا ژمارەیەک پێشنیازیان ئاڵوگۆڕ کردووە بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگ و کردنەوەی گەرووی هورمز، کە رێڕەوێکی ستراتیژیی وزە لە ئاستی جیهاندایە. ترەمپ پێشنیازە تازەکەی تارانی رەتکردەوە و هۆشداری دا رەنگە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دوای هەڵبژاردنی نیوەی خول پەرە بسێنن.

ڤانس دووپاتیکردەوە ئەمریکا هێشتا دەرگای بۆ رێککەوتن کراوەیە، بەڵام مەرجی ئەوەیە ئێران دەستبەرداری بەشێک لە تواناکانی ببێت. گوتیشی: "ناچینە ناو گفتوگۆوە بۆ ئەوەی قسە بە کردەوە بگۆڕینەوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ڤانس هەوڵیدا ئەو رەخنانە کەم بکاتەوە کە لە شێوازی مامەڵەکردنی ترەمپ لەگەڵ ململانێکاندا دەگیرێن و داوای لە دەنگدەران کرد ئەم پرسە نەکەنە هۆی ئەوەی پشتگیریی کۆمارییەکان نەکەن لە هەڵبژاردنی مانگی داهاتوو.

لە ئەلاسکا، ڤانس بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ دان سولیڤان، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی کۆماری کرد، کە لە رکابەرییەکی تونددایە لەگەڵ بەربژێری دیموکراتەکان، ماری بێلتۆلا. ترەمپ لە ساڵی 2024 لە ئەلاسکا بە جیاوازیی 13 خاڵی سەدی سەرکەوت، بەڵام بەرزبوونەوەی تێچووی ژیانی رۆژانە ئەنجامی هەڵبژاردنی لەو ویلایەتەدا نادیار کردووە.

پێش چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ رۆیتەرز، ڤانس تەرکیزی خستە سەر نیگەرانییەکان لەبارەی توانای کڕینی پێداویستییەکان، بەتایبەت لە بواری وزەدا. سروشتی دووریی جوگرافیی ئەلاسکا وای کردووە کاڵاکانی بەکاربەر گرانتر بن و پیشەسازیی وزەش بە کەرتی سەرەکی دادەنرێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا، کاتێک سولیڤان خەریک بوو ڤانس بە سەرۆکی ئەمریکا بناسێنێت - نەک جێگری سەرۆک - ئامادەبووان بە گەرمی پێشوازییان لێ کرد. ڤانس وەک یەکێک لە بەربژێرە دیارەکانی کۆمارییەکان دەبینرێت بۆ شوێنگرتنەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی.

ڤانس دواتر بە رۆیتەرزی گوت هێشتا بڕیاری نەداوە ئایا لە ساڵی 2028 خۆی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر دەکات یان نا. ڤانس گوتی: "بە سروشتی خۆم کەسێکم حەز بە پەلەکردن ناکات. راستییەکەی تا ئێستا زۆر بیرم لێ نەکردووەتەوە".