کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق: بانگەشەی هەڵبژاردن بە ئاسایی بەڕێوەدەچێت

لە ڕۆژی هەینی، 3ـی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستیپێکردووە، لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئاشکرای دەکات، بانگەشە بەبێ هیچ گرفتێک بەڕێوەدەچێت.
مەریوان محەممەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: تاوەکوو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بە دیاریکراوی بەبێ گرفت و بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچێت،
بەڕێوەبەری لقی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، لە ڕۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەکوو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هیچ کاندیدێک دوورنەخراوەتەوە، بەڵام لە یاسای هەلبژاردنەکاندا هاتووە، لەکاتی بەڕێوەچوونی بانگەشە هەر کاندیدێک پابەند نەبێت بەپێی یەکێک لە بەندەکان کۆمیسیۆن دەتوانێت دووریبخاتەوە.
هەروەها باسی لەوە کرد، هەر کاندیدێک هەڕەشە لە کاندیدێکی دیکە بکات یان ناوزڕاندن و هەر مادەیەکی دیکەی لەسەر ساغ بکرێتەوە لیژنەی لەسەر پێکدێت و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە.
هەینی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بە فەرمی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێکرد، لایەنە سیاسییەکان و کاندیدەکان دەتوانن بە ئاشکرا لە چوارچێوەی ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە سەرجەم شار، شارۆچکە، ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، بانگەشە بۆ لیست و ژمارەکانیان بکەن.
له ههموو عێراق به ههرێمی كوردستانیشهوه، 21 ملیۆن و 404 هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، کە 20 ملیۆن و 63 هەزار و 773 کەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەکەن و 1 ملیۆن و 313 هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەکەن.
لهو ههڵبژاردنهدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپهیمانی و 75 لیستی تاكهكهسی بهشداری له ههڵبژاردن دهكهن، حەفت هەزار و 768 کەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنج هەزار و 520 پیاو و دوو هەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان کاندید کردووە.