ترەمپ: بۆ گەیشتن بە ئاگربەستی غەززە دەرفەتێکی ڕاستەقینە هەیە

سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە دەرفەتێکی زۆر باش بۆ ئاگربەستی غەززە هاتووەتە پێش، ئەمەش لە کاتێکدایە دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل پێیناوەتە ڕۆژی دووەمەوە.
سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆشکی سپی پێشوازی لە مارک کێرنی، سەرۆک وەزیرانی کەنەدا کرد و قسەیان بۆ ڕۆژنامەنووسان کرد.
ترەمپ لە بارەی غەززە گوتی: دەرفەتێکی ڕاستەقینە هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی لەبارەی شەڕی غەززەوە ڕێکبکەوەین، باسی لەوەش کرد، شاندی ئەمەریکا بەشداری دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیلییان لە میسر کردووە.
سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، هەموو وڵاتان پشتیوانی پلانی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن و لەو بارەوەش لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا قسە دەکەین.
هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی ساڵیادی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە، گوتیشی: بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەکانی سەر جووەکان ڕەت دەکەینەوە.
هەروەها بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025 کەناڵی 'قاهیرە نیووز' کە سەر بە هەواڵگری میسرە ڕاگەیاندبوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و بزووتنەوەی حەماس لە شاری شرم شێخی میسر لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی پێهات.
پێشتر، بنیامین ناتانیاهۆ، پشتیوانی خۆی بۆ پلانی 20 خاڵیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە ڕاگەیاندبوو و گوتی: "من پشتگیری لە پلانەکەت دەکەم بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی غەززە کە ئامانجە سەربازییەکانمان بەدی دێنێت."
ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماری کۆی گشتیی ئەو سەربازانەی بڵاوکردەوە کە لە بەرە و ناوچە جیاجیاکاندا کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەزار و 152 سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم ئامارە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل، پۆلیس، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ 'شاباک'، کارمەندانی دەزگای زیندانەکان و ئەندامانی تیمەکانی ئامادەباشی لەخۆدەگرێت، کە لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و کەناری ڕۆژئاوا کوژراون.
ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکان
سەرچاوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکانی شەری غەززەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 67 هەزار و 160 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 169 هەزار و 679 کەسی دیکەش برینداربوون. کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.