سەرۆک وەزیرانی قەتەر و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بەشداری دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیل دەکەن

هەریەکە لە سەرۆک وەزیرانی قەتەر و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا بەشداری دانوستانەکانی سبەی لە نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دوو ساڵەی غەززە دەکەن.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ڕایگەیاند، شێخ محەممەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە، ڕۆژی چوارشەممە بەشداری لە دانوستانە بەردەوامەکانی حەماس و ئیسرائیل لە هاوینەهەواری شرم شێخ لە میسر دەکات.
ئاماژەشی داوە، بەشداریکردنی سەرۆک وەزیرانی قەتەر لە دانوستانەکە، بەهۆی ئەوەیە لە قۆناغێکی گرنگ دایە؛ جەختیشی دەکاتەوە لە ڕۆڵەکەیان وەک نێوەندگیر لە گەیشتن لە ڕێککەوتنێکی کۆتایی بۆ شەڕەی غەززە ڕژدن.
هەروەها ئاژانسی ئانادۆڵی لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردووەتەوە، شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سبەی چوارشەممە لە میسر بەشداری لەو دانوستانانەدا دەکات کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕی دوو ساڵەی غەززەیە.
ڕاشیگەیاندووە، کاڵن پێش دانوستانە ناڕاستەوخۆکان لەگەڵ ئیسرائیل، گفتوگۆی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکی، میسری، قەتەری و نوێنەرانی گرووپی چەکداری فەڵەستینی حەماس کردووە.
هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی: دەرفەتێکی ڕاستەقینە هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی لەبارەی شەڕی غەززەوە ڕێکبکەوەین، باسی لەوەش کرد، شاندی ئەمەریکا بەشداری دانوستانەکانی حەماس و ئیسرائیلییان لە میسر کردووە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 7ی تشرینی یەکەمی 2025 کەناڵی 'قاهیرە نیووز' کە سەر بە هەواڵگری میسرە ڕاگەیاندبوو، گەڕی یەکەمی دانوستانەکانی نێوان ناوبژیوانان و بزووتنەوەی حەماس لە شاری شرم شێخی میسر لە کەشێکی ئەرێنیدا کۆتایی پێهات.