ڕوبیۆ لە ساڵیادی شەڕی غەززە پشتیوانی ئەمەریکای بۆ ئیسرائیل دووپات کردەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە بۆنەی ساڵیادی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 حەماس بۆ سەر ئیسرائیل ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئیسرائیل دووپات کردووەتەوە، دەشڵێت، بە هەموو شێوەیەک هەڕەشەکانی سەر جووەکان ڕەت دەکاتەوە.
سێشەممە 7ـی تشرینی یەکەمی 2025، مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دوو ساڵ بەسەر هێرشەکانی 7ـی تشرینی یەکەمی 2023 تێدەپەڕێت، کاتێک حەماس زیاتر لە هەزار و 200 پیاو، ئافرەت و منداڵی بێتاوانی کوشت کە 46یان ئەمەریکی بوون، هاوکات، حەماس 254 کەس وەک بارمتەی گرت، کە 12 کەسیان ئەمەریکی بوون. هەروەها تا ئەمڕۆ، 48 بارمتە هێشتا ماون ئازاد بکرێن، لەنێویاندا ڕوفاتی هاووڵاتییانی ئەمەریکی ئیتای چێن و عومەر نیوترا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی بۆ مافی ئیسرائیل، بەرگریکردن لە خۆی و دڵنیاکردنەوەی سەلامەتیی گەلەکەی دووپات دەکاتەوە.لە کاتێکدا ئەمەریکا یادی ئەم ڕووداوە دەکاتەوە و ڕێز لە قوربانییەکان دەگرێت و ڕژدین کە نابێت ئەو جۆرە ڕووداوانە دووبارە ببنەوە.
ڕوبیۆ دەشڵێت: "ئەمەریکا بە سەرکردایەتی دۆناڵد ترەمپ، پێشڕەوی هەوڵەکان بۆ مسۆگەرکردنی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان، کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی حەماس لە غەززە و برەودان بە ئاشتییەکی بەردەوام کە نەک تەنیا ئاسایشی ئیسرائیل دابین بکات، بەڵکوو ئاشتی و خۆشگوزەرانیی ناوچەکە مسۆگەر بکات. ئەم دیدگایە بۆ سەقامگیری، ئاسایش و داهاتوویەکی دوور لە تیرۆر، لە کرۆکی پلانی 20 خاڵیی سەرۆکی ئەمەریکا دایە."
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا باسی لەوەش کرد، "هەموو هەڕەشەیەک لە دژی کۆمەڵگەی جووەکان ڕەت دەکەینەوە و بەهیچ شێوەیەک سازش لەگەڵ ئەو کەسانە ناکەین کە لە دژی جووەکان بێت، ئێمە لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023ـەوە،شایەتحاڵی ئەو جۆرە ڕووداوانە بووین، لە لە ئیدانەکردنی هەموو کردەوە تیرۆرستییەکان و دژایەتیی جووە بەردەوامین و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لەم ساڵیادە پشتیوانیان بۆ ئیسرائیل دووپات بکەنەوە.
ئاماری سەربازە کوژراوەکانی ئیسرائیل
دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاماری کۆی گشتیی ئەو سەربازانەی بڵاوکردەوە کە لە بەرە و ناوچە جیاجیاکاندا کوژراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە ڕۆژی 6ـی ئۆکتۆبەری 2025 بڵاوکراوەتەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە لە 7ـی ئۆکتۆبەری 2023، هەزار و 152 سەرباز و کارمەندی هێزە ئەمنییەکان کوژراون. ئەم ئامارە، سەربازانی سوپای ئیسرائیل، پۆلیس، دەزگای ئاسایشی ناوخۆ 'شاباک'، کارمەندانی دەزگای زیندانەکان و ئەندامانی تیمەکانی ئامادەباشی لەخۆدەگرێت، کە لە کەرتی غەززە، باشووری لوبنان و کەناری ڕۆژئاوا کوژراون.
ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکان
سەرچاوە پزیشکییەکانی کەرتی غەززە ڕۆژی دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئاماری کوژراوانی فەڵەستینییەکانی شەری غەززەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 67 هەزار و 160 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 169 هەزار و 679 کەسی دیکەش برینداربوون. کە زۆرینەیان ئافرەت و منداڵن.