حەیدەر عەبادی: بەهۆی نەناردنی مووچە ستەم لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان کراوە

سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق ڕێککەوتنێکی باشەوە و هەر دوو لایەن براوە بوون، دەشڵێت: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەهۆی نەناردنی مووچەوە ستەمیان لێ دەکرا.
سێشەممە 7ی تشرینی یەکەمی 2025، حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وەڵامی پرسیار هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 دایەوە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر لەبارەی ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا گوتی: ئەمە ڕێککەوتنێکی باشە و بۆ ئەو بابەتە هانمانداون، دەشڵێت، بە واژۆکردنی ئەو ڕێککەوتنتە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق براوە بوون، چونکە هەرێم نەوت دەنێرێت و بەغداش مووچە.
حەیدەر عەبادی، ئاماژەی بەوەش دا، پێشتر بەهۆی نەناردنی مووچە بۆ هەرێمی کوردستان، ستەم لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکرا کە ئەوانیش هاووڵاتیی عێراقەین، بۆیە نابێت لە سامانەکانی عێراق بێبەش بکرێن.
سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسر، ئەوەشی خستووتەڕوو، "مەسرور بارزانی،سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پێی گوتم، بەغدا بۆ سەپاندنی باجی گومرگی دەستی بە جووڵە کردووە وەک ئەوەی لە بەغدا جێبەجێ دەکرێت، پشتیوان بەخودا ئەمە کێشەیەش چارەسەر دەبێت."