پۆلیسی لەندەن: تەنیا لە یەکساڵدا 80 هەزار مۆبایل دزراوە

پۆلیسی لەندەن دەست بەسەرکردنی باندێکی 46 کەسی ڕاگەیاند، گومانیان لێدەکرێت نزیکەی 40 هەزار مۆبایلیان دزی بێت و بە قاچاخ ئامێرەکانیان لە بەریتانیاوە بۆ چین بردبێت.
پۆلیسی لەندەن لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەیداوە، ئەم کارە بە یەکێک لە گەورەترین کردەوەکانی دزی دادەنێن لە سەرتاسەری بەریتانیا، هەرچەندە پێشتر کردەوەی لەم شێوەیە زۆر ڕوویانداوە، بە تایبەتی لە شوێنە گەشتیارییەکاندا، بەڵام ژمارەکان هێندە نەبوون.
پۆلیسی بەریتانیا لە مانگی کانوونی دووەمی 2024ـەوە دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە، کاتێک سندووقێکیان دۆزیوەتەوە و نزیکەی هەزار مۆبایلی جۆری ئایفۆنی تێدا بووە، بە نیازبوون بەرەو هۆنگ کۆنگ بیگوازنەوە، بەڵام دەستیان بەسەر داگرتووە.
هەروەها پۆلیس ئاماژەی بەوەشداوە، 46 کەسیان دەستگیرکردووە کە پەیوەندیان لەگەڵ باندە توندڕەو و تاوانکارییەکاندا هەبووە، بە تایبەت ئەوانەی هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکانی گواستنەوەی کەلوپەل، بە تایبەت ئەوانەی ئایفۆن 17یان گەیاندووە بە کڕیاران.
سادق خان سەرۆکی شارەوانی لەندەن دەڵێت، بێگومان ئەمە یەکێک لە گەورەترین تاوانی دزییە لە بەریتانیا ئاشکرا دەکرێت، هەروەها باسی لەوەشکردووە، پۆلیس سەرکردەی چەتەکانی کردووەتە ئامانج و ئەو کەسانەش دەستگیردەکەن کە مۆبایل لە هاووڵاتیان دەدزن.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی لەندەن، تەنیا لە ماوەی ساڵی 2024دا زیاتر لە 80 هەزار مۆبایل لە لەندەن دزراوە.