سیمپۆزیۆمی ساڵانەی یاسای نێودەوڵەتی و ئایین لە ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت
32ەمین سیمپۆزیۆمی ساڵانەی یاسای نێودەوڵەتی و ئایین لە زانکۆی بریگهام یەنگ لە ویلایەتی یووتای ئەمەریکا زیاتر لە 100 شاندی 54 وڵاتی کۆکردووەتەوەو بۆ ماوەی سێ ڕۆژ گوتار، پانێڵ، توێژینەوە و گفتوگۆ لەبارەی ئایینەکان، ئازادی ئایینی و پێکەوەژیانی شوێنەکەوتووە ئۆلییەکان دەکرێت.
برێت شارفس، بەڕێوەبەری سەنتەری نێودەوڵەتیی یاسا و خوێندنی ئایینی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، “ئامانجی ئەم سیمپۆزیۆمە کۆکردنەوەی سەرکردە ئایینییەکان، کەسانی زانستی و بەرپرسانی حکوومەتە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی کێشە هاوبەشەکان کە تایبەتن بە یاسا و ئایین. ئێمە پێمان وایە ئەگەر خەڵک و شارەزایان بەیەکەوە کۆبکەینەوە بۆئەوەی لەبارەی كێشە هاوبەشەکان بدوێن و بەقووڵی گوێ بگرین، دەتوانین بەڕاستی لەیەکدی فێربین. زۆربەی ئەو کێشانەی هەن بابەتی هاوبەشن، هیچ یەکێک لە ئێمە وەڵامی بۆ هەموو ئەو کێشانە نییە، بەڵام بەگوێگرتن، هەموومان دەتوانین شتێکی گرنگ فێربین."
لە گوتارێکدا، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان باسی لە پەیامی ئایینی ئیسلام و پێکەوەژیانی شوێنکەوتووە ئاینییەکان لە هەرێمی کوردستان کرد کە بووەتە نموونەیەکی باڵا لە ناوچەکە.
د. عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان گوتی: ئەوەی جێگای سەرنج ڕاکێشانم بوو، بەشێکی زۆری ئەو دەوڵەتانە بێئاگابوون لەو پێکەوژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئەوان بە چاوی عێراق سەیری هەموو ناوچەکە دەکەن، عێراق و هەرێمی کوردستانیان لەیەکتر جیا نەدەکردەوە، بەڵکو دەشیانگوت پێکهاتەکان لە عێراق ئازار و زیان و ناڕەحەتی زۆریانی هەیە. بەڵام کاتێک کە من شیکردنەوەم بۆ کردن و بەڵگەی ڕاستی و و بەرچاومان نیشاندان، سەرسامی خۆیان نیشاندا بەو پێکەوە ژیانەی لە هەرێمی کوردستان هەیە.
بەشێک لەو توێژەر و کەسایەتییانەی لەم سیمپۆزیۆمە بەشداریان کردووە، ئامادەیی شاندی هەرێمی کوردستان بە گرنگ دەبینن، بەتایبەت کە لەو هەرێمەدا شوێنکەوتووی8 جۆر ئایین هەن و ئازادانە پەیڕەوی لە بیر و باوەڕی خۆیان دەکەن.
ئێلیزە ئاڵدس، توێژەر گوتی: "قسەکانی عەبدوڵڵا وەیسی زۆر سەرانجڕاکێش بوون. گرنگترین گوتەکانی بۆ من بەشی پرسیار و وەڵامەکان بوو. کاتێک کەسێک پرسیاری دەربارەی تووندوتیژی ناوچەکە لێ کرد، کە بۆچی زۆربەی خەڵکی ئەوێ موسڵمانن لەکاتێکدا تووندوتیژی زۆر هەیە. ئەو وەڵامێکی باشی دایەوە و ئاماژەی بەوە دا؛ کە هۆکارەکە پەیوەست نییە بە دینەوە. دین نابێتە هۆی تووندوتیژی، بەڵکو پەیوەستە بەوەی خەڵکەکە چۆن پەیڕەوی لە ئایینەکە دەکەن بەشێوەیەک ببێتەهۆی جیاوازی، هەندێکجاریش سەربکێشێت بۆ ئازاردان یان زۆر ئەرێنی بێت. پێموایە پەیامەکەی زۆر ئەرێنی و گرنگ بوو."
لە ئەمەریکا ساڵانە ژمارەیەکی زۆر کۆنفرانس و کۆڕبەندی ئازادی ئایینی بەڕێوەدەچن. ئامانج لەیەک نزیکردنەوەی شوێنکەوتووانی ئایینەکان و شارەزابوونی پەیام و داب و نەریتی کۆمەڵگەکانیانە.