لە ئەنجامی هێرشێکدا دەیان سەرباز و چەکدارانی پاکستان و تاڵیبان کوژران

سوپای پاکستان ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، هەڵیانکوتایە سەر حەشارگەیەکی تاڵیبانی پاکستان لە نزیک سنووری ئەفغانستان و شەڕێکی توند ڕوویدا و بەهۆیەوە 11 سەرباز و 19 چەکدار کوژران.
سوپای پاکستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، ئەمڕۆ چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەمی 2025، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە ناحیەی ئۆراکزا لە پارێزگای خەیبەر پەختونخوای باکووری ڕۆژئاوای وڵاتەکە کرد.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکەدا بووەتە شەڕ و لە ئەنجامدا 11 سەربازی پاکستان و 19 چەکداری تاڵیبان کوژران.
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سوپای پاکستان ئەو کوژراوانە بە "خەواریج" وەسفکردووە، هەروەها نیودەلهی تۆمەتبار دەکەن بە پشتیوانیکردنی جوداخوازانی بەلوچستان و چەکدارانی تاڵیبانی پاکستان، بەڵام هیندستان ئەو تۆمەتە ڕەتدەکاتەوە.