ئێران گەنجێکی ئەڵمان-فەرەنسی ئازاد کرد

دەزگای دادوەریی ئێران گەنجێکی ئەڵمان-فەرەنسی ئازاد کرد، کە پێشتر بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر کرابوو.
چوارشەممە، 8ـی تشرینی یەکەم 2025، ژان نۆیل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، ڕایگەیاند "لینارت مۆنتیرلۆس، ئەو گەنجە ئەڵمان-فەرەنسییەی ماوەیەکە لە ئێران دەستبەسەر بوو، ئەمڕۆ ئازاد کرا و بڕیارە سبەینێ پێنجشەممە بگاتەوە فەرەنسا."
ژان نۆیل بارۆ، گوتی: لینارت مۆنتیرلۆس، ئێستا ئازادە، بەڵام سیلین کۆلیر و ژاک باری لە بیر ناکەین و داوا لە ئێران دەکەین یەکسەر ئازادیان بکات.
کۆلیر و باری، دوو هاووڵاتی فەرەنسین کە سێ ساڵ لەمەوبەر، بە تۆمەتی سیخوڕی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کران.
لینارت مۆنتیرلۆسی تەمەن 19 ساڵ، کاتێک بە پاسکیل و بە تەنیا بە ناو ئێراندا گەشتی دەکرد، ڕۆژی 16 حوزەیرانی ڕابردوو، واتە ڕۆژی سێیەمی جەنگی 12 ڕۆژەی ئیسرائیل و ئێران، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بە تۆمەتی سیخوڕی، لە شاری بەندەر عەباس، دەستگیر کرا.
دایک و باوکی لینارت مۆنتیرلۆس، لە ڕێگەی پارێزەرەکەیانەوە بە ئاژانسی هەواڵی فەرەنسایان ڕاگەیاند "ئێمە بە گەڕانەوەی کوڕەکەمان دڵشادین"