شارەوانی کفری: بەدابەشکردنی زەوی فەرمانبەران شارەکە زۆر فراوان دەبێت

شارۆچکەی کفری لە ئیدارەی گەرمیان ساڵانێكی زۆرە لە گەشەکردن وەستاوە، لەڕابردووشدا هاووڵاتیەکی زۆر شارۆچکەکەیان جێدەهێشت، ئێستا جیا لەوەی خێزانێكی زۆر دەگەڕێنەوە، هاوکات جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی زەویش زیادی کردووە سەرۆکی شارەوانی کفریش دەڵێت: بەدابەشکردنی زەوی فەرمانبەران شارەکە زۆر فراوان دەبێت. 

لە شارۆچکەی کفری بەراوورد بە ساڵانی ڕابردوو، نرخی خانوو و زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە، ھەروەھا جموجۆڵێکی نوێ لە کڕین و فرۆشتنی زەوی دروستبووە بە تایبەتی ئەوانەی خزمەتگوزاریان پێ گەیشتووە.

ستار حەمید، خاوەن نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لە شاری کفری ئەو زەویانەی خزمەتگوزاریان پێگەیشتووە، جموجۆڵی کڕین و فرۆشتنی هەیە داخوازی خەڵکی لەسەرە، گوتیشی: دەربارەی خانووی کرێش ئێستا بە ئەستەم دەستدەکەوێت.

 بەراوورد بە مێژوو و ھەڵكەوتەی جوگرافیای شارۆچكەكە، ساڵانێكی زۆرە کفری گەشەی فراوانبوونی بەخۆیەوە نەبینیووە، بەڵام ئێستا پێشبینی دەكرێت كفری ببێتە یەكێك لە شوێنە گرنگەكان.

بەهۆی ئەوەی 14 ساڵە زەوی دابەش نەکراوە و هیچ پرۆژەیەکی نیشتەجێ بوون لە کفری ئەنجام نەدراوە، شارۆچکەکە بەتەواوەتی لە گەشە کردن وەستابوو، دوای بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا، هیوایەکی تەواو گەڕاوەتەوە بۆکفری، بە دابەشکردنی زەوی شارەکە بەتەواوەتی فراونتر دەبێت. 

شارەوانی کفری ئامادە کاری تەواوی لەگەڕەکەکانی 'هەواری نوێ، لەتیف هەڵمەت، ئەنفالەکە و بەردەم بەرێوەبەرایەتی پەروەردەی شارۆچکەکە' زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکات.

عەلی خورشید، سەرۆکی شارەوانی کفری گوتی: ئێمە خۆمان ئامادەکردووە بۆ دابەش کردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەدا کە ناویان هاتووەتەوە، دەشڵێت: لەدوا ئامار ئەگەر ناوەکان بۆ ئێمە بێتەوە نزیکەی چوار هەزار ناومان بۆ دێتەوە، بۆیە ئێمە ناتوانین ئەو هەموو زەوییە لەیەک شوێن دابەش بکەین، لەبەر ئەوە چەند شوێنێکمان دەستنیشان کردووە بۆ ئەوە زەویەکان بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکەین. 

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەو فەرمانبەرانەی دەكەونە ناوچەکانی جەبارە، قەرەتەپە و خورماتوو لە سنووری شارەوانی كفری زەویان پێدەدرێت، ئەم ھەنگاوەش ھیوایەك دەبێت بۆ زیاتر گەشانەوە و فراوانبوونی كفری.

 

 

 

 
Fly Erbil Advertisment