زانکۆی سلێمانی بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک پلەی یەکەمی لەسەر ئاستی عێراق بەدەستهێنا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی ئۆکتۆبەری 2025، سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ دووەم ساڵ لەسەریەک، زانکۆکەیان توانیویەتی پلەی یەکەم لەسەر ئاستی سەرجەم زانکۆکانی عێراق بەدەستبهێنێتەوە و بەمەش ئەو بەڵێنەیان بردووەتەسەر کە ساڵی ڕابردوو دابوویان.

لە کۆنفرانسەکەدا ئاماژە بەوە کرا: "ساڵی ڕابردوو ڕامانگەیاند کە زانکۆی سلێمانی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لەسەر ئاستی عێراق بووەتە یەکەم. بەڵێنماندا لەو ئاستەدا بمێنینەوە و ئەو بەڵێنەشمان جێبەجێ کردووە."

سەرۆکایەتی زانکۆ ڕوونیکردەوە کە ڕانکینگ پرۆژەیەکی گرنگە و زانکۆکانی جیهان هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام هەندێک ڕیزبەندیی نێودەوڵەتی وەک "تایمز هایەر ئێجوکەیشن"، "کیو ئێس" و "شانگهای" هەن کە بەهۆی پێوەرە قورس و ئاڵۆزەکانیانەوە، بەشداریکردن تێیاندا ئاسان نییە.

هۆکاری سەرکەوتنی زانکۆی سلێمانی لە چوونە نێو ئەم ڕیزبەندییە گرنگانە، بۆ دامەزراندنی "بەڕێوەبەرایەتیی ڕانکینگ" دەگەڕێتەوە، کە وەک یەکەم بەڕێوەبەرایەتیی لەو شێوەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق دادەنرێت.

ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کاری گرنگی ئەنجامداوە، کە بووەتە هۆی ئەوەی زانکۆی سلێمانی لە ڕیزبەندییە باوەڕپێکراوەکاندا، لەوانەش "تایمز هایەر ئێجوکەیشن"، پێگەی خۆی بەهێز بکات.

 
Fly Erbil Advertisment