لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، یەکەیەکی نیشتەجێبوون بۆ خێزانێکی ئاوارەی شنگال دابینکرا

لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، یەکەیەکی نیشتەجێبوونی تەواو کەلوپەل بۆ خانەوادەی عەبدوڵڵا خدر دابینکرا، کە خێزانێکی ئاوارەی شنگالن و لە کەمپی باجدکەندال نیشتەجێن و شەش ئەندامیان بەدەست نەخۆشییەوە گرفتارن.
"دایە عەیشان"، دایکی خێزانەکە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "سوپاسی سەرۆکی حکوومەت دەکەین کە هاوکاریی کردین، هەروەها سوپاسی وەزارەتی تەندروستیی و دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم بۆ ئەو ئەرکەی کێشایان و هاوکارمان بوون."
لەلای خۆیەوە، ڤیان دەخیل، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم. هەر یەکەم ڕۆژ کە بارودۆخی ئەم خێزانەم پێگەیاند، یەکسەر فەرمووی چییان پێویستە بۆیان دابین بکرێت."
ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەشکرد، دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی، بەردەوام لەسەر هێڵ بووە بۆ دابینکردنی نەشتەرگەری و دەرمانی پێویست بۆ خێزانەکە و هەموو لایەنەکان هاوکاریان بوون. گوتیشی: "ئەمڕۆش دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئەم شوقەیەی بۆ دابینکردن. ئێمە سوپاسی هەموو ئەو لایەنانە دەکەین کە هاوکار و لەگەڵمان بوون."