بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی هەڵەبجە

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، نووسراوی بڕیارەکانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە و گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە هەڵەبجە و دانیشتوانەکەی بڵاوکرایەوە.
دووشەممە، 6ـی ئۆکتۆبەری 2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پێشتر ئەنجوومەنی پاڵپشتیی هەڵەبجە سەردانی سەرۆک بارزانیان کردووە و کۆمەڵێک داواکارییان هەبووە، بۆ ئەوەی خزمەتی هەڵەبجە بکرێت.
گوتیشی: سەرۆک بارزانی فەرمانی کرد دەبێت لە ڕێگەی حکوومەتەوە خزمەتی هەڵەبجە بکرێت، بۆیە سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی فەرمانی کرد لیژنەیەک پێکبهێنرێت، هەورەها لیژنەکە سەردانی پارێزگای هەڵەبجەیان کرد و گوێیان لەداواکارییەکان گرت و کاریی جددیان لەسەر کرد.
دواتر لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی، لە پێناو بەرژەوەندی گشتیی و گەیاندنی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە و دەڤەرەکە ژمارەیەک بڕیار دەرکرا، لەوانە تەرخانکردنی 25 ملیار دینار، بۆ جێبەجێکردنی پرۆژە لە هەڵەبجە، هەروەها یەکێک لەو داواکارییانەی کە ڕەزامەندی لەسەر دراوە، دروستکردنی پارک، نەخۆشخانە و دروستکردنی بۆردێکی تەندروستییە بۆ چارەسەرکردنی بەرکەوتووانی چەکی کیمیایی، هەروەها ڕەزامەندی لەسەر ئەو پلانانە دراوە کە بۆ گەشتوگوزاری ناوچەکە پێشکەش کراوە.
هەروەها سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی ڕەزامەندیی دا لەسەر کردنەوەی دەروازەی سازان، کە وەکوو دەروازەیەکی ناوخۆیی بکرێتەوە.













