لە هەولێر هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک دەستیپێکرد

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک ڕایگەیاند، سەنتەری تایبەت بۆ پشکینی پێشوەختە کراوەتەوە، هەروەها پشکنینی شێرپەنجەی مەمک لەلایەن 13 پزیشکی پسپۆڕەوە بۆ هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێت.
پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەی مەمک گوتی: ئێستا سەنتەری پشکنینی پێشوەختە کراوەیە، هاووڵاتیان دەتوانن سەردانی سەنتەرەکە بکەن، حەوت پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی و شەش پزیشکی پسپۆڕی سۆنار، ڕۆژانە پشکنینی هاووڵاتیان دەکەن و چارەسەریان پیدەدەن.
گوتیشی: پێویستە هاووڵاتیان ئەو ڕاستیە لە بیرنەکەن، ڕێگریکردن لە نەخۆشی و پشکنینی پێشوەختە و دەست نیشانکردنی جۆر و چۆنیەتی نەخۆشیەکە، هیچی کەمتر نییە لە گرنگی پڕۆسەی وەرگرتنی چارەسەر.
دلۆڤان محەممەد باسی لەوەشکرد، بە مەبەستی هۆشیاریی و بەئاگابوونی پێشوەختەی هاووڵاتیان، وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تیمە گەڕۆکەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر، بەشی پاراستنی تەندروستی، لە دەرەوەی نەخۆشخانە پشکنین و سۆنار بۆ ئەو کەسانە ئەنجام دەدەن کە دەیانەوێت لە دۆخی تەندروستی خۆیان دڵنیابن.
مانگی 10ـی هەموو ساڵێک لە لایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیەوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و هۆشیاریی شێرپەنجەی مەمک دیاریکراوە، لە سەرانسەری جیهاندا هەڵمەتەکە بەڕێوەدەچێت، لە هەرێمی کوردستانیش ساڵانە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە ڕێگەی کۆڕ و سیمینار و کۆنفرانسەوە هۆشداریی و زانیاری بە هاووڵاتیان دەدرێت بە تایبەت ئافرەتان.