ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ هاتنی ترەمپ دەکات

ڕۆژنامەیەکی ئیسرائیلی ڕایگەیاند، تەلئەڤیڤ ئامادەکاریی بۆ پێشوازیکردن لە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی 'یەدیعوت ئەحرۆنۆت'ـی ئیسرائیل لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ بەسەردانێکی فەرمی بگاتە ئیسرائیل. ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئازادکردنی بارمتەکان دوابکەوێت، ڕەنگە تا بەیانی دووشەممە، لە ئیسرائیل بمێنێتەوە.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، سەردانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەو وڵاتە کورت دەبێت، پێدەچێت لە فڕۆکەخانەی بن گۆریۆن پێشوازی لێبکرێت، دواتر ترەمپ وتارێک لە کنێست پێشکەش دەکات.

لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان، ڕۆژنامەکە بڵاویکردەوە، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە ئیسرائیل پەیوەندی بە هۆتێل 'مەلیک داوود' لە قودس کردووە، بۆ ئەوەی لە ئێوارەی شەممەوە تاوەکو یەکشەممە دوو نهۆم بۆ دۆناڵد ترامپ و شاندی یاوەری دابین بکات.

چوارشەممە، 8ـی تشرینی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی غەززە بکرێت، ڕەنگە لە کۆتایی هەفتەدا گەشت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. دواتر بەرەبەیانی ئەمڕۆ پینجشەممە ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان حەماس و ئیسرائیلی ڕاگەیاند. 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment