حكوومه‌تی عێراق له به‌رانبه‌ر كه‌مكردنه‌وه و بنبڕكردنی دیارده‌ی چه‌كداریی دۆش داماوه

دیارده‌ی چه‌كداری و میلیشیاگه‌ری له دوای ساڵی 2003 و دواتریش له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و ئاشووبی تایه‌فه‌گه‌ری له عێراق، زیاتر په‌ره‌ی سه‌ند، به شێوه‌یه‌ك تاقم و گرووپی جیاجیای چه‌كداری بوونه ئاڵته‌رناتیڤ و ڕۆڵی سوپا و هێزه ئه‌منییه فه‌رمییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌یان به نه‌رێنی گێڕاوه.
عێراقییه‌كان پێیان وابوو، دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عس له نیسانی 2003، ئیتر جارێكی دیكه چه‌ك و شه‌ڕ به‌رۆكی وڵاته‌كه‌یان به‌رده‌دات و وڵات پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێی ژیانی مه‌ده‌نییانه، كه‌چی به پێچه‌وانه‌وه هه‌ر زوو، گرووپه میلیشیاكان سه‌ریان هه‌ڵدا و ئاشووبیان نایه‌وه و شه‌ڕی تایه‌فه‌گه‌رییان ده‌ستپێكرد و عێراقیان كرده سه‌ربازگه و به‌شێكی زۆری عێراقییه‌كانیان ناچار كرد به ئاشكرا و نهێنی، ببنه خاوه‌نی چه‌ك.
دیارده‌ی چه‌كداری له عێراق له‌مه‌وبه‌دوا واته له دوای ساڵی 2003 تا به ئێستا ده‌گات، یه‌كێكه له دیارده زه‌قه‌كان و بووه‌ته سیمای وڵات و هه‌ر كه باسی عێراق ده‌كرێت، له پاڵ گه‌نده‌ڵیی سیاسی و ئابووری و به‌ڕێوه‌بردن، دیارده‌ی چه‌كداریشی هاتووه‌ته سه‌ر و بووه‌ته به‌شێك له ناسینه‌وه‌ی ڕووخسار و بیچمی ئه‌م وڵاته، به جۆرێك هه‌موو تاك، خێزان، كۆڵان و گه‌ڕه‌ك و شه‌قام و شار و شارۆچكه‌یه‌كی عێراقی گرتووه‌ته‌وه و به‌هۆیه‌وه ڕۆژانه ده‌یان كه‌تن و تاوان ده‌كرێت و حكوومه‌تیش له به‌رانبه‌ردا ده‌سته‌وسانه و (لم يحرك ساكناً)، واته هیچ هه‌ڵوێستی ڕژدی نه‌بووه و نقه‌ی لێوه نه‌هاتووه.
حكوومه‌تی عێراق به ته‌واوه‌تی دركی به‌م ڕاستییه كردووه و بۆی ڕوونه، وڵات به سه‌ربازگه كراوه و بێسه‌روبه‌رییه‌كی زۆر له بواری چه‌كداری هه‌یه و ئه‌مه‌ش ترسێكی زۆری بۆ دروست كردووه، كه تا دێت زیاتر ده‌بێت و كۆنترۆڵكردنیشی ئاسان نییه. له‌م سۆنگه‌یه‌وه، چوارشه‌ممه، 8ـی تشرینی یه‌كه‌می 2025، ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاری بۆ ئاسایشی نیشتمانیی به سه‌رپه‌رشتی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كان كۆبووه‌وه و له به‌شێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاوتوێی پێشنیازیی فه‌رمانده‌یی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی كرد، كه داوای له حكوومه‌ت كردووه، تا زووه فریای كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداری و به سه‌ربازگه‌كردنی عێراقی بكه‌وێت.
وه‌كوو له ڕاگه‌یه‌نراوی سه‌باح نو‌عمان، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كاندا هاتووه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داوای كه‌مكردنه‌وه‌ی دیارده‌ی چه‌كداری و به سه‌ربازگه‌كردنی وڵات كراوه، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت ناتوانێت ئه‌م دیارده‌یه ڕیشه‌كێش بكات، به‌ڵكوو (ئه‌زعه‌فولئیمان) ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر بتوانێت كه‌می بكاته‌وه. له كاتێكدا عێراق له‌م باره‌وه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته پێویستی به ڕووسپیكردنه‌وه هه‌یه له به‌رانبه‌ر (ئاماژه‌كانی ئاشتیی جیهانی - Global Peace Index)، كه عێراقی به‌رده‌وام له ڕیزبه‌ندی ئه‌و وڵاتانه داناوه، چه‌ك له سه‌رووی ده‌ستوور و هه‌موو بڕیار و یاسا و ڕێنماییه فه‌رمییه‌كانه.