نووسەرێکی هەنگاری بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب

لاسلۆ کراسناهۆرکایی، نووسەر و ڕۆماننووسی هەنگاری، بەهۆی ناوزەیی و سەرنجڕاکێشی کارەکانی، بووە برای خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب.
پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، دەستەی هەڵسەنگێنەرانی خەڵاتی نۆبڵ ڕایگەیاند: لاسلۆ کراسناهۆرکایی، نووسەر و ڕۆماننووسی هەنگاری بووە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب.
دەستەکە ئاماژەی بەوە دا، لاسلۆ خەڵاتەکەی بەهۆی "ناوازەیی و سەرنجڕاکێشی کارەکانی، کە لە دۆخی قیامەت هەستێنیشدا (apocalyptic terror)، باڵاداستی هونەر و ئەدەب پیشان دەدات" پێدراوە.
ڕۆماننووسی ناوبراو لە بارەی وەرگرتنی خەڵاتەکە بە ڕادیۆی سڤێریگێسی سویدی گوت: کە هەم دڵخۆشم و هەم شپرزەم بە بیستنی ئەوەی کە بووەمەتە براوەی خەڵاتەکە.
لاسلۆ یەکەم ڕۆمانی خۆی لە ساڵی 1985 بەناوی سانتانتانگۆ بڵاو کردبووەوە. ڕۆمانەکە باسی لە گوندێکی دورەدەست دەکرد لە سنووری نێوان هەنگاریا و ڕۆمانیا.
هەروەها ڕۆمانەکە گوزارشت لە ژیانی کەسی نووسەر دەکات کە خۆی لە گوندێکی بچووکی هەنگاریا کە دەکەوێتە سەر سنووری ڕۆمانیا بەناوی گیولا لە ساڵی 1954 لەدایکبووە.
ڕۆمانەکە لە ناوەندە جیهانییەکان دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو و بێلا تار، دەرهێنەری هەنگاریای لەساڵی 1994 فیلمێکی لێ بەرهەم هێناوە.
هەرچەندە نووسەر بە زمانێکی ئاڵۆز دەنووسێت بەڵام ئەوە نەبووەتە ڕێگر لەوەی کە نووسینەکانی جێی خۆیان دڵی خوێنەران نەکەنەوە. هەروەها لە نووسینەکانیدا جۆرێک لە شیعری لیڕیکی دەبینرێت کە بووەتە هۆی ئەوەی بەرهەمەکانی دانسقەتر دەربکەون.
هەر لەپاش ڕاگەیاندنی خەڵاتەکە بە لاسلۆ، ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆک وەزیرانی هەنگاریا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی نووسەر کردوو و ڕایگەیاند: لاسلۆ مایەی شانازییە بۆ هەنگاریا.
نووسەر بە بردنەوەی خەڵاتەکە دپلۆمایەک، مەدالیایەکی زێڕ و 1.2 ملۆین دۆلار وەردەگرێت.
لاسلۆ دووەم نووسەری هەنگارییە کە ئەو خەڵاتە بباتەوە پاش ئەوەی ئیمرێ کیرتیس لە ساڵی 2002 خەڵاتەکەی بەدەست هێنا.
بەرهەمەکانی ئەم نووسەر و ڕۆماننووسە تا ئێستا بۆ زیاتر لە 20 زمان وەرگێڕدراون و چەندین جاریش کراون بە فیلم.
لە بەرهەمە دیارەکانی نووسەر: ماخۆلانی بەرخۆدان، شەڕ و شەڕ و گەڕانەوە ماڵی باڕۆن وێنخایمە.