هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا پوچەڵ کرایەوە

نووسینگەی ماکسیم بریفۆ، جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاند: پلانی تۆڕێکی تیرۆریستیان پوچەڵ کردووەتەوە کە هەوڵی تیرۆرکردنی چەند کەسایەتییەکی سیاسیان لە بەلجیکا داوە، لەنێو ئەوانیشدا بارت دی فیفەر، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا هەیە.
بریفۆ لە تۆڕی(ئێکس) پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، هەوڵی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیران بارت دی فیفەر زۆر شۆکی کردین، دەشڵێت: ئەمە ئاماژەیەکی مەترسیدارە و پێمان دەڵێت کە، ڕووبەڕووی هەڕەشەی تیرۆر دەبینەوە و پێویستە زۆر هۆشیار و چاوکراوەبین.
نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا ڕایگەیاندووە، پۆلیسی بەلجیکا دوو کەسیان بە تۆمەتی ئەو هەوڵە تیرۆریستیانە دەستگیرکردووە لەچوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەی بۆ ئاشکراکردنی شانە تیرۆریستییەکە ئەنجامیان داوە.
نووسینگەی داواکاری گشتی ئاماژە بەوە دەکار، نیازی ئەنجامدانی هێرشێکی تیرۆریستی هەبووە، هاوشێوەی هێرشی توندڕەوەکان، بۆ ئەوەی سیاسەتمەداران بکاتە ئامانج.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەداوە کە، پشکنینی ماڵی گومانلێکراوان لە ئەنتۆرب کراوە و لە پشکنینەکە ئامێرێک کە لە بۆمبێکی دەستکردی سەرەتایی دەچوو، لەگەڵ جانتایەک لە تۆپی پۆڵا دۆزرانەوە، ئەوانەش ئاماژەن بۆ ئەوەی، گرووپەکە نیازیان بووە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە هێرشە تیرۆریستیەکە بەکاربهێنن.
لە مانگی ئاداری 2016دا، 32 کەس لە تەقینەوە خۆکوژییەکانی فڕۆکەخانەی برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا و لە میترۆی شارەکە کوژران، ئەوکاتە ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش) بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکان ڕاگەیاند.