وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دوو گرووپی چەکداری عێراقی سزا دەدات

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەچوارچێوەی سیاسەتی ئەوپەڕی فشار بۆسەر ئێران، سزای دوو گرووپی چەکداری عێراقی دەدەن.
تۆمی پیگۆت،جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا باس لەوە دەکات، ئەمەریکا لە سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری بۆ سەر ئێران، هێزەکانی قودسی سەر بەسوپاسی پاسدارانیان کردووەتە ئامانج، چونکە هاوکاری گروپەکانی نزیک لەخۆی کردووە لە ناوچەکەدا.
تۆمی پیگۆت دەشڵێت: دوو گروپی عێراقیش لە میانی سزاکانیان دەکەنە ئامانج، ئەوانیش کەتائیبی حزبوڵڵا و جوڵانەوەی عەسائیب ئەهل حەقن، چونکە ئەم میلیشیایانە بوونەتە هۆکارێک بۆ لاوازی سەروەری عێراق و لێدان لە ئابوورییەکەی، هەروەها بەرپرسیارن لە هێرشکردنەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئەو بڕیارەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە دوێنێ پێنجشەممە 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، لە بەرانبەر هاوکاریکردنی ئێران و بە قاچاخبردنی چەک، شەش کەسایەتی و دوو دامەزراوەی عێراقی خرانە لیستی سزاکانەوە، یەکێک لە دامەزراوەکان کۆمپانیای موهەندیسە.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا، ئێران پشت بە گرووپە چەکدارەکانی عێراق دەبەستێت، ئەو گرووپە چەکدارانەش بەرپرسیارن لە کوشتنی چەندین سەربازی ئەمەریکی و هێرشیان کردووەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
گەنجینەی ئەمەریکا دووپاتی کردووە، ئەمەریکا لە سزادانی گرووپە تیرۆریستییەکان بەردەوام دەبێت و تۆڕ و سەرچاوەی داراییان لەنێو دەبات.