هەسەدە: هێزەکانی سووریا هێرشیان کردە سەر خاڵێکی سەربازی دێرەزوور

هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) و هێزەکانی سووریا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو هێزە،  لە ناوچەکانی دەورووبەری دێرەزوور و ڕۆژهەڵاتی حەلەب، جارێکی دیکە ڕووبەڕووی یەکتربوونەوە و بەهۆی ئەوەشەوە، کوژراو و بریندار لەهەردوولا کەوتەوە.

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریا لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراو دەستپێشخەرییان کرد لە هێرشکردنە سەر خالێکی سەربازیی لە گوندی مەرات لە ناوچەی حەوت گوند لە ڕۆژهەڵاتی دێرەزوور، بەهۆیەوە یەک لە بەرگریکارەکانمان کوژرا و نۆی دیکەش برینداربوون.

هەر لە پەیامەکەدا، هەسەدە ڕایگەیاندووە، هێزەکانیان وەڵامی هێرشەکەی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکوومەتی سووریایان داوەتەوە و هێرشیان کردووەتەوە سەر بنکەی چەکدارەکان لە کەناری ڕۆژاوای سەر ڕووباری فورات و ڕاستەوخۆ چەند چەکدارێکیان بە ئامانج گرتووە.

 هەمان ڕۆژ، هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) ڕایگەیاند: چەند گرووپێکی چەکداری سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا هەوڵیاندا بگەنە خاڵە سەربازییەکانی هەسەدە کە نزیکە لە بەنداوی تشرین لە ڕۆژهەڵاتی حەلەب، ئەو چەکدارانە بۆمبی دەستییان فڕێداوەتە نێو بەرگریکارانی هەسەدە و هەوڵیانداوە تەنیا بە بۆمب بیانکوژن، بەڵام بەرگریکارانیان دەستبەجێ وەڵامی هێرشەکەیان دایەوە و یەک لە چەکدارە هێرشکارەکانیان کوشت و ئەوانی دیکەش هەڵاتن و تەرمی کوژراوەکەشیان لە شوێنی خۆی بەجێهێشت.

هێزەکانی سووریای دیموکرات لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوە کردووە، هەموو مافێکی بەرگریی لەخۆکردنیان هەیە، لەگەڵ هەوڵەکانی ڕێگریکردن لە چەکداران بۆ گەیشتن بە خاڵ و بنکە سەربازییەکان، دووپاتیشی دەکاتەوە کە بەرگریی لە هاووڵاتییان دەکا و پارێزگاری لە سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment