ناتانیاهۆ: جەنگ کۆتایی نەهاتووە

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم لێدوانی دوای ئاگربەستی غەززە دەڵێت: هەموو دەرفەتەکانی حەماسمان لەباربرد و غەززە لە چەک دادەماڵدرێت، دەشڵێت: تەواوی بارمتەکان دەگەڕێنینەوە و تا ئێستا جەنگ کۆتایی نەهاتووە.

هەینی 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە یەکەم لێدوانیدا دوای ئاگربەستی غەززە گوتی: فشاری زۆری سەربازی و سیاسیمان کردە سەر حەماس بۆ ئەوەی بارمتەکان ئازاد بکات، هەموو ئەو فشارانەشمان ڕەت کردەوە کە لێمان دەکرا بۆ ئەوەی سەرکردەکانی حزبوڵڵا و حەماس و ئێران بە ئامانج نەگرین.

ناتانیاهۆ گوتی: تا ئێستا ئاڵنگاری گەڕاندنەوەی تەرم و بارمتەکانمان لەبەردەم دایە، دەشڵێت: هەموو دەرفەتەکانی بەردەم حەماسمان لەباربرد و غەززە لە چەک دادەماڵدرێت، حەماسیشی بەوە تۆمەتبار کرد کە لە دانووستانەکانی ڕابردوو یاریی پێکردوون.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل سوپاسی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەو وڵاتە و تیمەکەی کرد کە هاوکار و پشتیوانی ئیسرائیل بوون هەمیشە، دەشڵێت: جەنگ کۆتایی نەهاتووە، تا ئێستاش لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەداین لە ناوچەکەدا، سوپای ئیسرائیلیش لە کەرتی غەززە دەمێننەوە تا ئەو کاتەی حەماس چەک دادەنێت.

 
Fly Erbil Advertisment