ماریا کۆرینا ماچادۆ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بەدەستهێنا

خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ڕاگەیەنرا و بە ماریا کۆرینا ماچادۆ درا، لەکاتێکدا دۆناڵد ترەمپ، چەند جارێک ئاماژەی بەوە کردبوو، پێویستە خەڵاتەکەی پێ بدرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 10ـی تشرینی یەکەمی 2025، ماریا کۆرینا ماچادۆ، سەرۆکی پارتی بەرهەڵستکاری ڤەنزوێلا، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی ساڵی2025ـی پێبەخشرا، وەک ڕێزلێنانێک بۆ پابەندبوونی بێوچانی بە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ لە ڤەنزوێلا، بەهۆی خۆڕاگری لە بەرانبەر سەرکوتی سیاسیدا ناوی "خاتوونی پۆڵاینی" ی لێنراوە، دوای هەڕەشەکانی دەستگیرکردن زیاتر لە ساڵێک لە دەربەدەریدا بووە.
ماچادۆ لە ڕێگەی پارتی ڤێنتێ ڤەنزوێلاوە سەرکردایەتی هەڵمەتێکی بۆ هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە کرد و بەرهەڵستی ڕژێمی نیکۆلاس مادۆرۆی کرد.
هەروەها سەرەڕای قەدەغەکردنەکە، بەردەوام بوو لە کۆکردنەوەی هاووڵاتیان و ئاشکراکردنی پێشێلکارییەکانی حکوومەت، ئەمەش وایکرد ببێتە هێمای بەرخۆدانی ئاشتیانە.
ئەم خەڵاتە لە کاتێکدایە کە لە ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا ڕەتکردنەوەی شەرعیەتی مادۆرۆ لە پەرەسەندندایە دوای تۆمەتەکانی ساختەکاری لە هەڵبژاردنەکاندا.
خەڵاتی 11 ملیۆن کرۆنی سویدی (نزیکەی 1.2 ملیۆن دۆلار) دەدرێتە ماچادۆ وەک ڕێزلێنانێک بۆ هەوڵە بەردەوامەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی دیموکراسی و ئاشتی.
پێشتریش، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، پێویستە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە ئەو بدرێت، چونکە توانیویەتی چەند شەڕێکی گەورە ڕابگرێت.